بەهۆی سزا و بێ مووچەییەوە ژینگەپارێزانی پیرەمەگرون گردبوونەوە

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

ژینگەپارێزەکانی پیرەمەگرون بە هۆی دواکەوتنی مووچە و لێبرینی بەشێک لە مووچەکانیان بە بڕی ١٥٠ هەزار دینار  وەک سزا مانیان لە کارکردن گرت و گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لەم بارەیەوە شکارشۆرش بەرێوەبەری کۆمپانیای "شکار" ئەمرۆ چوارشەمە  بە هاوڵاتی وت، ئەو بڕە پارەیەی لێیان بڕدراوە بەهۆی بایکۆتکردنیانە لە کارەکانیان.

وتیشی، " هەرچەندە داوامان لێکردن کە لە کارەکانیان بەردەوام بن ، بەڵام ئەوان رەتییان کردەوە و ئاگاداریشمان کردنەوە لەوەی   ئەوا سزا دەدرێن و لە مووچەکانیان دەبردرێت هەروەک چۆن خۆم لەلایەن فەرمانگەوە سزای مادی دراوم، بەڵام ئەوان پێیان راگەیاندین بیبڕن".

ژینگە پارێزانیش دەڵێن، بڕی ١٥٠ هەزار لە مووچەکانیان بڕدراوە، ئەوان دەڵێن بۆ هەر ڕۆژێکی کارکردن ١٠ هەزار دینار وەردەگرن بەڵام گەر یەک ڕۆژ دەوام نەکەن بڕی ٣٠ هەزاریان لێدەبڕدرێت و بەم شێوەیەش نەک سود لە مووچەکانیان وەرناگرن بەڵکو مانگی وا هەیە قەرزاریش دەبن.

ئەو بەڕێوبەرە ئەوەشی ڕونکردەوە کە،" بری٢٠٠ بۆ ٢٥٠ملیۆن دینار سزای مادی بەسەرمدا سەپێندراوە ، بەڵام من تەنها ١٣ ملیۆن دینار لە کۆی گشتی مووچەی کرێکارانی ژینگەپارێزی پیرەمەگرون بریوە".

سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەکانیشیان بۆ ماوەی١٠٠ رۆژ بەرێوەبەری کۆمپانیاکە بە هاوڵاتی وت: " مانگی ئادار بەرەو کۆتایی دەروات ، بەڵام تازە ئێمە دوێنێ پارەی مانگی شوباتمان وەرگرتووە و دابەشمان کردووە بەسەریاندا ".

جێی ئاماژەیە ماوەی دە ساڵە قەیرانێکی ئابووری تووند بەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و بە تایبەتیش مووچەخۆرانی گرتووە ، کە بە هۆیەوە چەندین مووچەی فەرمانبەران یان فەوتاوە یان پاشەکەوت کراوە یان بە لیبرینەوە دابەشکراوە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار