مەسرور بارزانی: عێراق دەخەینە بەر بەرپرسیارێتییەکی دەستوری

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانی راسپاردوە دەست بکەن بە دابەشکردنی موچەی مانگی دو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی موچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتوش.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران  لە لێدوانێکدا رایگەیاند،"حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەخەینە بەر بەرپرسیارییەتیەکی دەستووری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێی بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان".

بە گوێرەی لێدوانەکەی سەرۆکی حکومەت بڕیارەكانی كۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی  ئەنجومەنی وەزیران بەم شێوەیەیە:

1- دابەشكردنی مووچەی مانگی 2 ی 2024.

2- ئامادەكاری بۆ مووچەی مانگی 3 ی 2024.

3- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە تەرخانكردنی زەوی و دابەشكردنی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دەکات کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون.

4- داشكاندن لە پارەی كەڵەكەبووی كارەبا و سزای هاتوچۆ و ئاو بە ڕێژەی 20% وە 50%ی ڕسوماتی هێنانی گۆشت و 20% لە كرێی خوێندنی پارالێل.

5- داشكاندنی ڕسوماتی شارەوانی بەتایبەت كرێی كرێچییەكان بە ڕێژەی 20%.

6- لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران و كاسبكاران و كەمدەرامەتان.

 

دەقی لێدوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتییانی خۆشەویست

هەر وەک چۆن دوێنێ بەڵێنمان پێدان کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەندێک بڕیار لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بدەین، ئەمڕۆ دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم، وێرای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان، پێتان دەڵێم کە ئێمە بڕیارمان داوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە کە ئەوان دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش. ئێمە حکومەتی فیدراڵیی لە بەغدا دەخەینە بەر بەرپرسیاریەتییەکی دەستووری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێ بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان. 

ئەو ئەرکەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە هەموومان جێەجێ کردووە، بە سوپاسەوە وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە مەعنییەکان هەموو کاری پێویستییان کردووە بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارەکان بگرنەبەر و هەموو ئەو بیانوویانەی تاوەکو ئێستا بەکارهێنراون هەموویان نەهێڵن و ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە کردوومانە و هیوادارین ئەمە ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی مووچەکان لە کاتی خۆی و وەکو پێویست دابەش بکرێت. 

هەروەها لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ئێمە هەندێک بڕیاری ترمان لە ئەنجوومەنی وەزیران داوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارە قورسە ناهەموارە ئابوورییەی کە کەوتووەتە سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تۆزێک بۆیان سووک بکەینەوە. بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون. 

داوامان کردووە داشکاندن بکرێت لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%. ئێمە وەزارەتە مەعنییەکانمان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ئەمە بکەن هەروەها بۆ داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ) و داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت و هەروەها داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان. هەروەها لێخۆشبوونی سزا لە داوکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی و ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی بۆ داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20% و داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە ڕێژەی 20% و لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان. 

هیوادارم  ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر و بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون. 

ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە و ئەرکی ئێمەیە، جێبەجێمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین. 

ئێوە هەر شاد و سەرکەوتوو بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار