دڵشاد میرانی ئەو لایەنە بۆ هاوڵاتی ئاشکرا دەکات کە هێرشی کردۆتە سەر
2 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری
شەوی رابردوو چەند کەسێک ئۆتۆمبێلی مامۆستایەکی نارازی لەناو شاری سلێمانی تێکدەشکینن و ئەو مامۆستایەش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ "هاوڵاتی"رایگەیاند ،"ئەمە یەکەمجار نییە کە رووبەرووی ئەم جۆرە پەلامارانە دەبمەوە".
مامۆستا"دڵشاد میرانی" یەکێک لە ئەندامانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی درێژەی بە قسەکانیدا و وتی:" ئەم بەیانییە کاتێ بە نیاز بوون بچم بۆ دەوام زانیم ئۆتۆمبێلیکەم تێکشکاوە، ئەمە یەکەم جاریش نییە کە ئەمەم بەسەردا دێت،پێرار ماڵەکەیان سووتاندم و جارێک پەلاماری خۆمیان داوەو یەک مانگ لەمەبەریش لە دوا خۆپیشاندانی مامۆستایان ، ئۆتۆمبیلێکی تازەی ئەمەریکیم پێبوو ئەویشیان بە بۆکس خەنجەر تێکشکاندبوو".
سەبارەت بەوەی ئاخۆ شکی لە کێیە کە بەم کارە هەستابێت ، ئەم مامۆستایە بە "هاوڵاتی" راگەیاند:" من نایشارمەوە ، من چەند جارێک لەلایەن گروپێکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەر بە ئاشکرا لەملاولەولا و لە کۆمێنتەکان هەرەشەی کووشتن و ماڵ سووتاندنم لێکراوە".
" تۆمەتی بەکرێگیراوی بۆ "ریان کلدانی" و "یوسف کلابی" یان خستۆتە پاڵم و پێیم دەڵێن تۆ سەر بە حکومەتی عیراقیت و ئێوە شکستتان بە ئابووری سەربەخۆ هێناوە لە کوردستان و هەموو کارتان بۆتە پەلامار دانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جاشن" مامۆستا دڵشاد میرانی وا دەڵێت.
مامۆستا دڵشاد ئەوەشی ووت:"بە مەبەستی دۆزینەوەی تۆمەتباران لە ئێستادا شکایەتم لە بنکەی پۆلیس تۆمارکردووە".