جومانە غەلای: سبەینێ پرۆسەی دەنگدانی ئەزمونی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ شوان عەباس بەدری

سبەینێ هەڵبژاردنی ئەزموونی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم  بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و  وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاند هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بەردەوامە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت هەربۆیە  لەوچوارچێوەیەدا بڕیارە  سبەینێ لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کاتژمێر ١٠؛٣٠ ی بەیانی  پرۆسەی دەنگدانی ئەزمونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

وتیشی، دەنگدانەکە بەسەرپەرشتی دادوەر عەباس الفتلاوی بەرپرسی ئیدارەی هەڵبژاردن وە یاریدەدەری تەکنیکی موهەندەد عەباس فادل دەبێت هاوکات  کۆی گشتی بنکەکانی دەنگدان ١٨٠ بنکەی دەنگدانن 7 یان بۆ بۆ دەنگدانی تایبەتن و 173بنکەی دیکەیان تایبەتە بە دەنگدانی گشتی کە لە ناوەندەکانی تۆمارکردن لە هەرێم ئەنجام دەدرێت.

باسی لەوەشکرد، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان چوار نموونەی کارتی دەنگدانی بۆ هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادەکردووە، هەروەها نموونەیەکیش بۆ هەڵبژاردنی تایبەت ئامادەکراوە.

هەروەها جومانە غەلای سەبارەت بە دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی وت،" تا ئێستا هیچ مەرسومێکی فەرمی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن دەرنەچووەو نەگەیشتۆتە دەست کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ، هەر لەبەر ئەمەش کۆمیسیۆن پابەندە بە بەڕێوەبردنی  هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان  لە کاتی خۆیدا ."

جێی ئاماژەیە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 30/9/2018دا بەرێوەچوو و دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی خولەکەش لە 9/10/2022 پەرلەمانی کوردستان ،دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانی خستە بەرنامەی کاری خۆی، وابریارە لە 10/6/2024 خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرێوە بچێت کە تا ئێستا لەبەر بایکۆت کردنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن لە ئارادایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار