بەهۆی بەشداریکردنیان لە ئاهەنگی نەورۆزدا دوو هاوڵاتی کورد دەستگیرکران

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی میاندواو بە ناوەکانی ئومێد قادرنژاد و موحسین قادرەڕەش،  بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون.

ڕێکخراوەکانی وەکو تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئومێد قادرنژاد و موحسن قادرەڕەش هەردووکیان خەڵکی گوندی حاجی حەسەنی شاماتی سەر بە شاری میاندواون کە دەکەوێتە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مهاباد.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانەکانیانەوە دەڵێت " ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون و دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ بەندیخانەی ناوەندی میاندواو گواستراونەتەوە."

جێگەیباسە بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆکاری ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی  ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و سەدان هاووڵاتی دیکەش بانگکراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە.

هەر لە چوارچێوەی فشارەکانی  ئێران بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆزیان کردووە لە شارە کوردییەکاندا، لوتفوڵا پەروێز یەکێک لە چالاکوانە مەدەنییەکانی شاری گیەڵان کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی نەورۆز بووە لە شارەکەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە  لە مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە و چەند هاووڵاتییەکی تریش کە بەشداری ئاهەنگەکەیان کردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

لە شاری کرماشانیش هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە یەکێک لە پارکەکانی شارەکە تەقەیان لە دوو گەنجی کورد کردووە و برینداریان کردوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار