كۆمسیۆن نمونه‌ی پەڕەی ده‌نگدان و ژماره‌ی بنكه و وێستگه‌كانی ده‌نگدانی پەسەندکرد
4 هەفتە لەمەوپێش
زریان فەرەیدوون/ هاوڵاتی
ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، نمونه‌ی پەڕەی ده‌نگدان و ژماره‌ی بنكه و وێستگه‌كانی ده‌نگدانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكرد.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 21ی نیسانی 2024، ئامانج عەزیز، بەڕێوبەری گشتیی لقی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران نموونه‌ی پەڕەی ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تی و ژماره‌ی بنكه و وێستگه‌كانی ده‌نگدانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكردوە.
گوتیشی، لە دەنگدانی گشتیدا چوار جۆر پەڕەی دەنگدان هەیە بۆ پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه و بۆ ده‌نگدانی تایبه‌تیش یه‌ك جۆر ده‌بێت بۆ هه‌موو ناوچه‌كان.
ئامانج عەزیز روونیشیكرده‌وه، "كۆی گشتیی وێستگه‌كانی ده‌نگدان له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان بریتییه له 6 هه‌زار و 298 وێستگه، كه 2 هه‌زار و 203 وێستگه‌یان له هه‌ولێر، 2 هه‌زار و 364 وێستگه له سلێمانی، هه‌زار و 595 وێستگه له دهۆك و 136 وێستگه‌ی ده‌نگدانیش له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ده‌بێت".
هەروەها 191 بنكه‌ی ده‌نگدان بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت ئاماده‌كراوه كه 746 وێستگه‌ی ده‌نگدان له‌خۆده‌گرێت له هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دوو ملیۆن و 888 هه‌زار و 162 كه‌س له هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، له‌و ژماره‌یه‌شدا، دوو ملیۆن و 672 هه‌زار و 43 كه‌س له ده‌نگدانی گشتی و 216 هه‌زار و 119 كه‌سیش له ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌نگ ده‌ده‌ن.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 10ی حوزه‌یرانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردووه و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێكردووه. هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە.