زانکۆی سلێمانی؛ رازاندنەوەی مێز و خواردن ئامادەکردن قەدەخەکرا

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون

سبەینێ رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانییە و بە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئەو زانکۆیەش رازاندنەوەی مێز و بردنەژورەوەی خۆراک و کەلوپەلی دیکە بۆ ناو زانکۆ قەدەخەکراوە و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، خوێندکاران جگە لە وێنەگرتن ناتوانن هیچ چالاکییەکی دیکە بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21-4-2024، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، لە دوای ئەنجامدانی ئاهەنگی دەرچونی خوێندکارانی ساڵی 2022 - 2023، سەرۆکایەتی زانکۆ لێکۆڵینەوەیەکی وردیی سەبارەت بەو رێوڕەسمانەی لە ئاهەنگی دەرچونی زانکۆی سلێمانیدا دەکرێت کرد و گەشت بەو ئەنجامەی کە هەندێک دیاردە لەناو خوێندکاراندا دەبینرێت لەگەڵ ژینگەی ناو زانکۆدا ناگونجێن.

گوتیشی، "وێنەی دەرچوون ناوی بە خۆیەوەیەتی و تەنیا وێنەگرتنە، بەڵام بەشێک لە خوێندکاران فێربوون کۆمپانیایان دەهێنا بۆئەوەی شوێن دیاری بکەن و مێزیان بۆ بڕازێننەوە و بڕێکی زۆر لە خۆراک دەهاتە ناو زانکۆوە و دەبووە هۆی پیسبونی ژینگەی ناو زانکۆ".

باسی لەوەشکرد، " بڕیارەکە بۆ ڕێگریکردنە لە دروستبونی چینایەتی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ناو خوێندکاراند و کەمکردنەوەی خەرجیی کەسوکاری خوێندکار، پاکڕاگرتنی نێو زانکۆ، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی زانکۆیە، چونکە بەهۆی قەرەباڵخییەوە نێو زانکۆ پیس دەکرا و شەڕیش دروستدەبوو."

د. پێشڕەو ئەوەشی بە هاوڵاتی گوت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بۆیان دەرکەوتووە خوێندکار هەبووە تێچوی ئەنجامدانی ئاهەنگەکەی گەیشتۆتە یەک ملیۆن و نیو بۆ دوو ملیۆن دینار و ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە لەسەر شانی خێزانەکانیان.

سبەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکات؛ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت، خوێندکاران خۆیان لەگەڵ مامۆستاکانیاندا تەنیا وێنەی دەرچوون دەگرن و رێگە نادرێت هیچ کەسێک ئاهەنگێکی دیکە بکات.

ئەوەشی روونکردەوە، سەرجەم پرسگەکانی زانکۆی سلێمانی ئاگادار کراونەتەوە کە رێگە لە چوونەژوورەوەی هەموو جۆرە خۆراک و دیارییەک بۆ ناو زانکۆی سلێمانی بگرن.

د. پێشڕەو باسی لەوەشکرد، بۆ یارمەتیدانی خوێندکاران لەمەودوا بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی وێنە گرتنی خوێندکاران نادرێتە دەست کۆمپانیاکانی وێنە گرتن، بەڵکو سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ژمارەیەک وێنەگر و ستافێکی پرۆفیشناڵ ئامادە دەکات بۆ ئەوەی وێنەی خوێندکاران بگرن و دواتر وێنەکە لە ماڵپەڕی فەرمی زانکۆی سلێمانی دادەنرێت و خوێندکاران بێ بەرامبەر دەتوانن وەریبگرنەوە و لای خۆیانەوە بڵاویبکەنەوە.

سبەینێ ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. ئاهەنگەکان هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێن؛بەپێی ئامارەکانی زانکۆی سلێمانی، ساڵانە زیاتر لە 5000 خوێندکار لەو زانکۆیە دەردەچن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار