ناوەڕۆکی ئەو یاداشت و ڕێککەوتنانەی لە بەغدا واژۆ کران

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە بەغدا عێراق و تورکیا 26 رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، رێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی نێوانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران عێراق رایگەیاند: "سەردانەكەی سەرۆكی توركیا گوزارشتە لە قوڵی پەیوەندی نێوان عێراق و توركیا و دەمانەوێت ئاڵنگارییەكان بگۆڕین بە دەرفەتی هاوبەش، ویستی عێراق وایە كە لەگەڵ هەمو وڵاتانی جیهان بەگشتی و بەتایبەتی دراوسێكان  لەسەر بنەمای هاوبەش گرنگی زیاتر بە پەیوەندیەكانمان بدەین."

سودانی ڕاشیگەیاند، "رێککەوتنی ستراتیژی لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆ کرا کە دەبێتە نەخشەرێگایەکی ستراتیژی  پتەو لە زۆربەی بوارەکان، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە چەند لیژنەیەک لە بوارەکانی، ئابوری، وزە و ئەمنی دروست دەکرێت."

لە لایەکی دیکەوە ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا ڕایگەیاند، "ئیراده‌ی سیاسیمان هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیاو عێراق و  ئه‌و یاداشتانه‌ی ئیمزاكراون خاڵی گۆڕانكارین له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراقدا هاوکات  هه‌ماهه‌نگیی پێویست ده‌ره‌خسێنین بۆ گه‌ره‌نتیكردنی جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تیی رێككه‌وتنه‌ ئیمزاكراوه‌كان له‌گه‌ڵ عێراقدا."

وتیشی،  له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق " گفتوگۆمان كرد سه‌باره‌ت به‌ هاوكاری له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرو خۆشحاڵین عێراق رێكخراوی په‌كه‌كه‌ی خستوه‌ته‌ لیستی رێكخراوه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان و ئاماده‌ین پاڵپشتی پێشكه‌شی حكومه‌تی عێراق بكه‌ین له‌بواری روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆردا."

باسی لەوەشکرد کە ، قه‌باره‌ی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا بۆ 20 ملیار دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و سورن لە بەشداریکردن لە پڕۆژەی (رێگای گه‌شه‌) بۆ به‌دیهێنانی گه‌شه‌ی بازرگانی.

سەبارەت بە پرسی ئاویش ئەردۆغان وتی،  لیژنه‌ی توركی- عێراقیمان پێكهێناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئاو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی و لۆژیكی هاوکات سودانیش لەسەر هەمان پرس قسەی کرد و ڕایگەیاند ، لەبارەی دۆسیەی ئاو رێککەوتنێکیان واژۆ کردوە کە کار بۆ بنیادنانی پڕۆژەی تایبەت بە ئیدارەدانی ئاوی روباری دیجلە و فورات دەکات.

هاوکات محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا له‌ به‌غداد سه‌رپه‌ره‌شتی ئیمزاكردنی یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنی چوارقاڵییان كرد له‌نێوان (عێراق و توركیاو قه‌ته‌رو ئیمارات) بۆ هاریكاری له‌ پرۆژه‌ی ستراتیژی "رێگای گه‌شه‌"، له‌لایه‌نی عێراقه‌وه (ره‌زاق محێبس) وه‌زیری گواستنه‌وه‌و له‌ لایه‌نی توركی (عه‌بدولقادر ئۆرال ئۆغلۆ) وه‌زیری گواستنه‌وه‌و ژێرخانی توركیا ئیمزایان له‌سه‌ر یاداشته‌كه‌ كرد، له‌لایه‌نی قه‌ته‌ری (جاسم بن سه‌یف سلێتی) وه‌زیری ‌ گواستنه‌وه‌ی گه‌یاندنی قه‌ته‌رو و له‌ ئیماراتی عه‌ره‌بیش (سوهێل محه‌مه‌د مه‌زروعی) وه‌زیری وزه‌و ژێرخانی ئیمارات ئیمازایان كرد. 


به‌گوێره‌ی ئه‌و یاداشته‌ی كه‌ هه‌رچوار وڵات ئیمزایان كردووه‌، ده‌بێت عێراق و توركیاو قه‌ته‌رو ئیمارات چوارچێوه‌ی پێویست دابنێن بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی "هێڵی گه‌شه‌"، ئه‌مه‌ش به‌واتای ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی رێگاكه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كرداریی.

 

دەقی رێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە: 


1- ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان حکومەتی کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا.

2- یاداشتنامەی ڕێککەوتنی چوارچێوە بۆ هاریکاری لە بواری ئاو لە نێوان حکومەتی کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا.

3- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا.

4- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی بازرگانی ئابووری هاوبەش (JETCO) لە نێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و تورکیا.

5- ڕێککەوتن بۆ هاندان و پاراستن و ئاڵوگۆڕی وەبەرهێنان لە نێوان دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی و وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا.

6- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئەنجومەنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی تورکیا.

7- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی تەکنیکی و زانستی و ئابووری لە بواری پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان لە نێوان وەزارەتی پیشەسازی و وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا.


8- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری مەشقی سەربازی لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و تورکیا.

9- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە مەشق و هەماهەنگی لە بواری تەندروستی سەربازی لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و تورکیا.

10- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی ستراتیژی لە نێوان دەستەی پیشەسازی سەربازی و سکرتاریەتی پیشەسازی بەرگری تورکیا.

11- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی ئاسایش، لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و تورکیا.

12- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان پەیمانگای خزمەتگوزاری دەرەوە و پەیمانگای توێژینەوەی ستراتیژی تورکیا، لە نێوان هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و تورکیا.

13- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی لە بواری وەرزش و لاوان لە نێوان هەردوو وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق و تورکیا.

14- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی لە بواری زانستی تەندروستی و پزیشکی لە نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و تورکیا.

15- پلانی گروپی کاری کشتوکاڵی بۆ ماوەی 2024-2025 لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و تورکیا.

16- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەسەر توێژینەوەی زانستی و تەکنۆلۆژی، لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی و تەکنۆلۆژی تورکیا.

17- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی لە بواری پەروەردە لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی عێراق و تورکیا.

18- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری هەماهەنگی گەشتیاری لە نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە دێرینەکان و وەزارەتی گەشتیاری تورکیا.

19- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کار و بیمەی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەردوو ورزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق و تورکیا.

20- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان لە نێوان وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییەکانی تورکیا.

21- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەڵگەنامە و ئەرشیفی حکومەت لە نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەرشیفی حکومەتی تورکیا.

22- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ئاسایشی بەرهەم و بەربەستە تەکنیکییەکانی بەردەم بازرگانی لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی بازرگانی تورکیا.

23- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە کاروباری ئایینی لە نێوان دیوانی وەقفی سوننە و سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی تورکیا.

24- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هەماهەنگی لە بواری ڕاهێنانی دادوەری بۆ خوێندکاران و دادوەران و یاریدەدەران و داواکارانی گشتی لە نێوان پەیمانگای دادوەری عێراقی و ئەکادیمیای دادی تورکیا.

25- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کارەبا لە نێوان وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا.

26- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە نێوان دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و سەرۆکایەتی پەیوەندییەکانی تورکیا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار