حاجی مەسیفی: یەکێتی سوورە لە هەڵبژاردن و بەبێ پارتیش "دنیا وێران نابێ"

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانیی یەکێتی رایگەیاند، تا ئەم خولەکە یەکێتی سوورە لە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و بێ پارتی دنیا وێران نابێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 23-4-2024 حاجی مەسیفی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پشتیوانیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تا ئەم ساتە سوورە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دواخستنیشی بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان ئەنجام دەدرێت.

وتیشی، "عێراق لەم رووەوە ئەزموونی زۆرە و کاتی خۆی سونەکان بەشداری هەڵبژاردن نەبوون و کراش، سەدر لە پرۆسەی سیاسی عێراق کشایەوەو دنیاش وێران نەبوو".

جەختکردنەوەی یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان رەتی دەکاتەوە بەم شێوەیەی ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دەڵێت، "بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت" ناکەین.

بەر لە پارتی، 15 لایەنی کریستیانیش لە دوو راگەیەندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند، هەروەها لە 12ی ئاداردا 10 پارت و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت''، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن.

ئەمە یەکەم جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاری هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکانی دا.

جگە لە پارتی هەریەک لە پارت و لیستەکانی وەک یەکێتی، گۆڕان، بەرەی گەل، کۆمەڵ، یەکگرتوو و هەڵوێست ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە و ناوی کاندیدەکانیان پێشکێش بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار