نێچیرڤان بارزانی: رۆژی هه‌ڵبژاردنمان نه‌گۆڕیوه‌

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان "تا ئەم دەقەیە" نەگۆڕیوە و دەشڵێت: بەرپرسیارێتی من ئەوە نییە پشتگیری لە هیچ لایەنێک بکەم بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و"لای من بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لە بۆچوونی حیزبەکان لەپێشترە"

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا ئەمڕۆ سێشەممە لە تاران-ى پایتەختى ئێرانەوە رایگەیاند: پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زۆر گرنگ و مێژوییە و دەبێت هەوڵبدەین کێشەکانی نێوان هەردولا بە جدی چارسەر بکرێن.

وتیشی،"له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران باسی دواخستنی هه‌ڵبژاردنمان نه‌كردووه‌ و تا ئێستا ده‌ستكاری رۆژه‌كه‌مان نه‌كردووه‌".

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە دەبێت هەڵبژاردنێک بکرێت هەمو لایەنەکان لەسەری رێکبکەون، هەڵبژاردنەکە نەبێتە هۆی ترازانی لایەنە سیاسییەکان و پێویستە هیچ لایەنەێک نە خۆی بە دۆڕاو نە بە براوە بزانێت.

سەبارەت بە سەردانەکەشی بۆ ئێران سەرۆکی هەرێم باسی لەوەکرد "بە سوپاسەوە پێشوازیمان لەلایەن رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان لێکرا و کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی گشتی هەموویان زۆر بەباشی بەڕێوەچوون سوپاسی پێشوازیی هەموویان دەکەین لە شاندی هەریمی کوردستان".

وتیشی، ئیرادەیەکی زۆر جیدی دەبینین لەم سەردانەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە نێوانماندا هەن و هەرێمی کوردستان خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دراوسێیەکی هەرە گرنگ.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانى رایگەیاند، زۆر شت هەبوە بونەتە هۆی نیگەرانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تاران لەسەر میکانزیمێک رێکەوتوین ئەگەر کێشەیەک دروست بو چارەسەری بکەین نەک لەیەکتر دوربکەوینەوە.

ئەوەشی ڕونکردەوە کە: نیگەرانییەکان کاریگەری دەکاتە سەر بازرگانی و دۆخی هاوڵاتییان و هاتوچۆی گەشتیاری نێوان هەردولا.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە رێکەوتنێکی نوێ دەکەن، میکانزمێکی نوێ دادەنێن، تا رێگرى بکەن لەوەى رۆژێک لە رۆژان کێشەى دیکە لەنێوان هەرێمى کوردستان و تاران دروست ببێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار