له‌ سلێمانی گەورە قاچاغچییەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ده‌ستگیركرا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی گەورە قاچاغچییەکی بازرگانیکردن بەمرۆڤ راگه‌یاند، كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵه‌وه‌ داواكراوه‌ و ناسراوە بە "دوپشک".

دەزگای ئاسایشی هەرێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "پاش بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای ئاڵۆگوڕی زانیاری هەواڵگری و لەسەر داوای پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) بە فەرمانی دادوەر توانرا دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ گەورە بازرگانێکی قاچاغچی و بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە، بەناوی (ب،ک،م) ناسراوە بە (دوپشک) دەستگیربکات و ڕادەستی یاساکرا".

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی بە هاووڵاتییان داوە، "هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە، هێزەکانی ئاسایش بەردەوام رووبەڕووی تۆمەتباران دەبنەوە لەپێناو دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ هەمووان."

تۆمەتبارەکە بە ماددەی 5 لە یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012 دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.

پێشتر لەسەر ئەم قاچاغچییە کوردە، کەناڵى بی بی سی بنکۆڵکارییەکى ئەنجامداوە و بەوپێیە؛ دوپشک لەلایەن پۆلیسى زۆرینەى وڵاتانى ئەوروپا و بەریتانیاوە داواکراوە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەم قاچاغچییە لە ساڵى 2016ـەوە کارى بەقاچاغبردنى کۆچبەران دەکات بۆ وڵاتانى ئەوروپا و لەنێوان ساڵانى 2016 بۆ 2019 یەکێک بوە لە دوو سەرەکیترین ئەو کەسانەى کە سەرکردایەتیی گەشتەکانى کۆچبەرانى نایاساییان کردوە لە بەلجیکاوە بۆ فەرەنسا.

لە ماوەی دوو ساڵی ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسدا، 26 ئەندامی گرووپە قاچاخچییەکە لە بەریتانیا، فەرەنسا و بەلجیکا دادگایی کراون، بەڵام "دووپشک" توانیویەتی هەڵبێت. بەڵام بەشێوەی ئامادەنەبوو، لە دادگەیەکی بەلجیکا بە 121 کەیسی قاچاخچێتی تۆمەتبار کراوە، لە ئۆکتۆبەری 2022ش سزای 10 ساڵ زیندانی و 834 هەزار پاوەن پێبژاردنی بەسەردا سەپێندراوە. لەوکاتەشەوە گەڕان بەدوای "دووپشک" بەردەوام بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار