کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی 500 دۆنم پووش و پاوان دەستگیرکرا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە هۆکاری سووتانی 500 دۆنم پووش و پاوان و زیانگەیاندن بە نزیکەی 60 هەزار دار هاوڵاتییەک لە ناحیەی عەربەت دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەم ئاگرەی کەوتەوە لە سنووری گوندەکانی (وێلەکەو دەربەندفەقەرە) لە سنوورى ناحیەی عەربەت 500 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە و بەپێی زانستی دارستان هەر دۆنمێک 120 داری سروشتی تێدابووە کەبووە بەهۆی زیاندگەیاندن بە 60 هەزار داری سروشتی".
ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئاگادارکردنەوە لەبوونی کەوتنەوەی ئاگر لە سنووری ئاماژەبۆکراوی سەرەوە دەستبەجێ مەفرەزەیەک لەکارمەندانی (بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت) گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکەو بەدواداچوون بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەکاتی ڕووداوەکە هاوڵاتییەک بە تۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکرا".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "سەرەنجام بەهاوکاری (تیمی فڕۆکەوانی پارێزگای سلێمانی ) و بنکەکانی بەرگری شارستانی (عەربەت + ئازادی + تانجەرۆ ) و هاووڵاتیانی سنوورەکە توانرا ئاگرەکە لەماوەی چوار کاتژمێر کۆنترۆڵ بکەن".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی".
