حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا: دوو مووچەمان بە جارێ بۆ بنێرن

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە بەغدا مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان پێکەوە بنێرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە، "وەزارەتی دارایی عێراق بە هەمان میکانیزمی مانگەکانی رابردوو، مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکات".
لەمیانەی لێدوانەلەیدا دلێمی ئاماژەی بەوەداوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی مانگەکانی 5 و 6ـی هێزە ئەمنییەکان بەیەکەوە خەرج بکرێن".
ئەم داواکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە بەغدا مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرجکردووە، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان دیارینەکردووە.
