هۆشداری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی بەنزین دەدرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
لە ماوەی دوو هەفتەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین 50 دینار بەرزبوونەتەوە، شارەزایەکی بواری نەوتیش دەڵێت، "ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتریش هەیە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، بەهجەت ئەحمەد، شارەزا لە بواری نەوت لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەگەر هەیە نرخی بەنزین لە هەفتەی داهاتووەوە زیاتر بەرزبێتەوە، ئەگەر ئیدارەی سلێمانی رێکاری جدی نەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین".
ئەو شارەزایە وتی، "دەبێت ئیدارەی سلێمانی کار ئاسانی زیاتر بکات بۆ کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەنزین لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەروەها هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
پێشی وایە، دەبێت پاڵاوگەکانی سنووری سلێمانی ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین زیاتر بکەن، بە تایبەتی لە ئێستادا کە نەوتی خاو زۆرە.
ئەو شارەزایەی بواری نەوت هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بۆ کەمبوونی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە رۆژانی جەژندا گەشتیارێکی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان.
وتیشی، "هۆکارێکی دیکە ئەوەیە لە ئێستادا وەرزی گەشت لە عێراق دەستیپێکردووە و جوڵەی هاوڵاتییان زیاتر بووە و خواست لەسەر بەنزین زیادیکردووە، بەڵام لە عێراق بەهۆی نرخی پاڵپشتیکراوەوە نرخی بەنزین بەرزنابێتەوە".
