ئەمریکا: هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئامرازێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراسییە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمریکا پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە.
ئەمشەو چوارشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، "ئێمە، پێشوازی لە راگەیاندنی 20ـی ئۆکتۆبەر وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین".
ئەوەشی وتوە، "هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئامرازێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراسییە و ئێمە چاوەڕێ ئەوە دەکەین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دڵنیابن لەوەی هەڵبژاردنەکان ئازاد و، شەفافانە دەبن بەبێ هیچ دواخستنێکی دیکە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشداوە، "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ گەیاندنی لایەنە سیاسییەکان بە رێککەوتنێک لەبارەی هەڵبژاردن، بەرز دەنرخێنێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی حوزەیرانی 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
