نرخی کارەباى مۆلیدەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دیاریکرا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نرخی کارەباى مۆلیدەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ مانگی حوزەیران دیاریکرا، بریتییە لە 254 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک کە بەراورد بە مانگی رابردوو زیادی کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (ستییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکرد و تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی حوزەیران دیاریکرد، کە بریتییە لە 254 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک.
دەشڵێت، بەگوێرەی نرخی گازوایل لە بازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی مۆلیدەی ستییەکان ئامادەکراوە، نرخی یەک کیلۆوات بۆ کاتژمێرێک کارەباى موەلیدەى پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ مانگی حوزەیران بریتییە لە 254 دینار.
ئاماژەی بەوەشکرد، مانگى ئایار نرخى کیلۆواتێک کارەباى مۆلیدەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون 250 دینار بووە.
جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە سەرجەم پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بە نرخەکەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
