وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان: پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بە باشی بەڕێوەدەچێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانەوە رایگەیاند، "تائێستا پرۆسەکە بەردەوامە و بە باشی بەڕێوەدەچێت".
بەپێی وتەی وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان بێت، 700 هەزار تۆن وەکو پشکی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاریکراوە، تاوەکو دوێنێ زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و ئاماژەی بەوەکرد، ''هێشتا ماوەیەکی زۆر ماوە، بۆیە ئەو بڕەی کە بۆمان دیاریکراوە، هەمووی وەردەگرین".
لە 6ی حوزەیرانی 2024، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پرۆسەی گەنمی جوتیاران دەستیپێکردووە و ماوەی 45 رۆژ بەردەوام دەبێت، بۆ هەر تۆنێک گەنم حکومەتی عێراق 850 هەزار دینار دەداتە جوتیاران.
