ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی کۆدەبێتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی ڕژێمی پێشوو، کۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، کاتژمێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2024 ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێکردنی سێ پرۆژە یاسا کۆدەبێتەوە.
تەوەری یەکەمیان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری دووەمی پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتیی ساڵی 2016ـە و تێیدا لیژنەکانی ئاسایشی و بەرگریی، مافی مرۆڤ و یاسایی، ڕاپۆرتی خۆیان لەو بارەوە پێشکەش دەکەن.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بریتییە لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسایی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو. سێیەم تەوەریش پرۆژەیاسای تایبەتە بە حوکمدان.
تێپەڕاندنی پرۆژەی اسای لێبووردنی گشتی یەکێک بوو لە مەرجی سوننەکان بۆ بەشداریی لە حکومەتەکەی سودانی، لە ڕابردوودا چەند جارێک هەوڵ دراوە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژە یاسایە بکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە نەکراوە.

