گواستنەوەی کارتی زانیاری لە هەرێمی کوردستان ڕاگیرا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕاگرتنى گواستنەوەى کارتى زانیارى لە سنوورى هەرسێ پارێزگاکەى هەرێمی کوردستان.
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی یەکانی کارتی زانیاری لە هەرسێ پارێزگای هەرێم (هەولێر و سلێمانی و دهۆک ) کراوە ،بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی گواستنەوەی کارتی زانیاری لە نێوان شار و قەزاو ناحیەکان تا کاتێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی وەریگرتووە، دەرکردنی کارتی نوێی زانیاری بەردەوامە، بەڵام گواستنەوەکەی تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.
هەروەها کارمەندی یەکێک لە بنکەکانی کارتی زانیاری لە سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "ئەم بڕیارە دوای ئەوە هاتووە کە لە ئێستادا ئەو کەسانەی فەرمانبەرن و مافی وەرگرتنی زەوی یان هەیە، بەشێکی زۆر لەو فەرمانبەرانە مامەڵەی گواستنەوەی کارتی زانیاریان ئەنجام داوە، بۆئەوەی لە شارەکان و قەزاکان سوودمەندبن لە پێدانی زەوی، بەهۆی ئەمەشەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستبووە، بۆیە حکومەت بڕیاری ڕاگرتنی گواستنەوەی داوە".

