سەرۆکی ڕێکخراوێکی ژینگەیی چەند پرسیارێک دەربارەی داخستنی پاڵاوگەکان دەوروژێنێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایدەگەیەنێت، ئەو پرسیارانەی ڕۆژانە ئاڕاستەیان دەکرێن، بۆچی ڕۆژانە ڕێژەی شێرپەنجە ڕوولەهەڵکشانە، بۆچی ژینگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیس دەبێت، بۆچی هەوای شارەکان پیسن، بۆچی هەمیشە تەمێکی ڕەش شارەکانی داگیرکردووە، بۆچی بۆنێکی ناخۆش پایتەخت و شارەکانی تری تەنیوە، و چەندان پرسیاری تر.
لە وەڵامدا مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند، "بەپێی ئاماری ساڵی 2018 بێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 41 پاڵاوگە هەن، هەموویان بە ئەمبارەكانیشیانەوە نایاسایین، هەروەها نزیكەی 100 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، كە بەسەر نزیكەی 40 پارچە زەویدا دابەشبوونە، ئەو پاڵاوگانە بەناوی كارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دواتر كراون بە پاڵاوگەی نایاسایی، هەموو پاڵاوگەكان نایاسایین".
ئاماژە بەوەشدەدات، "پارێزگای هەولێر زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لێن، كێشەكە تەنیا لە سنووری ناوەندی هەولێر نییە، بەڵكو لە سنووری قەزای مەخموور و خەبات و كۆیەش هەیە و پاڵاوگەی نایاسایی زۆری تێدان كە زیاتر لە 300 پاڵاوگەی نایاسایی دەبێت".
سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە وتی، "دوای زیاد لە شەش ساڵ لەو بەروارە دوێنێ هەواڵی داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوبووەوە کە بەپێی زانیارییەکان ئەو بڕیارە لە 8/2/2021 دراوە واتە سێ ساڵ و شەش مانگ لەمەوپێش هۆکاری جێبەجێنەکردنی لە ڕۆژی دەرچونییەوە چیە، کێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، ئاخۆ ئەو پاڵاوگانەی تر داخراون یاخود ماون دابخرێن، ئاخۆ پاڵاوگەکانی تری سلێمانی و دهۆک داخراون یا ئەوانیش ماون".
وتیشی، "، ئەم پاڵاوگانە هی کەسانی دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمەن، ئەگەرنا ئەگەر ڕاست دەکەن فەرموو بیانهێننە سەر شاشەی تیڤییەکان با خەڵکی بزانن ئەمانە هۆکاری شێواندنی ژینگەی ئەم وڵاتە بوونە و بە پارەیەکی باش سزایان بدەن"،

