هاووڵاتییان لە دەرمانێك ئاگادار دەكرێنەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵكردنی هێنان و دروستكردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشكی لە بازاڕی دەرمانی چەند ناوچەیەك، دەستی بەسەر دەرمانێكی ساختەدا گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی KMCA بەردەوام هۆشداریی دەداتە هاونیشتمانیان دەرمان لەڕێگەی ئۆنڵاین نەكڕن و لە بەدواداچوونی بەردەوام دایە بۆ نەهێشتنی دەرمانی بێ ستیكەر و دوور لە ڕێنماییەكان.
بەڕێوەبەرایەتیی (KMCA) بڵاویكردەوە: تیمەكانی چاودێریی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لە میانی سەردانە مەیدانییەكانیان بۆ شوێنە دەرمانسازییەكانی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان، دەستیان بەسەر دەرمانێكی ساختەدا گرتووە بە ناوی "Duphaston" بە سێ ژمارە باجی (364935, 361984, 368563).
بەڕێوەبەرایەتییەكە داوا لە هەموو شوێنە دەرمانسازییەكان دەكات لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كە مامەڵەی فەرمی بە كڕین و فرۆشتنی دەرمانەوە بكەن و خۆ بەدوور بگرن لە فرۆشتنی دەرمانی بێ ستیكەر، بەپێچەوانەوە بەتووندی سزادەدرێن.

