لە سنووری سلێمانی دوو کارمەندی ئاسایش کوژران

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەی قەرەداغی سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ چەند چەکدارێک دوو کارمەندی ئاسایش کوژران.

رەئوف شێخ کەمال، قایمقامی قەزای قەرەداغ بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 9ی ئابی 2024، کاتژمێر 5:00 هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ چەند کەسێکی نەناسراو لە چیای قەرەداغ رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، گومان دەکرێت ئەو کەسانە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار چووبنە ناوچەکە، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکە دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستدا".

بەپێی وتەی قایمقامی قەزای قەرەداغ بێت تۆمەتبارەکان دوای ڕووداوەکە هەڵهاتوون و نازانرێت ژمارەیان چەند کەس بووە.

 دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، "مەفرەزەیەکەی ئاسایشی قەرەداغ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لە ئەرکدابوون، چەند کەسێکی چەکدار بەمەبەستی دەرهێنان و بردنی شوێنەواری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی دوو کارمەندی ئاسایش".

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار