سبەینێ یەکەم ڕۆژى مانگى پیرۆزى ڕەمەزانە

6 مانگ لەمەوپێش
وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سبەی ڕۆژى شەممە یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزى ڕەمەزانە.
پشتیوان سادق وەزیرى ئەوقافى هەرێم وتى: لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان مانگى بینیوە بۆیە سبەی شەممە 01-03-2025ی وەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.
پێشتر ڕوانگە فەلەکییەکان لەوڵاتى سعودیە ئاشکرایان کرد، ئەم ئێوارەیە هەینى، مانگی هیلالی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ لەسعودیە بینراوەو سبەینێ ڕۆژی شەممە، وەک یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆز لە وڵاتە ڕاگەیەندرا.
دادگای شاهانەی سعودیە ڕایگەیاند سبەی شەممە، یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان دەبێت.
ڕوانگە فەلەکییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی سعودیە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئامادەکارییەکانیان بۆ چاودێریکردنی مانگی هیلال لە کاتی خۆرئاوابوون دەستپێکرد، لەگەڵ ئامادەبوونی دەیان ڕۆژنامەنوس ڕوماڵ و میدیایی بەرفراوان بۆ ڕووماڵکردنی هەوڵەکانی چاودێریکردن، لەنێو ئاسمانی ڕوونى ئەو وڵاتە.
هاوکاتى وڵاتى سعودیە زۆربەى وڵاتانى عەرەبى وەک ئیمارات، قەتەر و عومان سبەی شەممە، وەک یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان ڕادەگەیەنن.
پێشتر نووسینگەی مەرجەعی باڵاى شیعە، عەلی حسێن سیستانی ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەم ڕۆژى مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دیاریکراوە.

