داواكاری گشتی: مافی ژیان و کەرامەتی هاوڵاتیان پارێزراو بێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان وبڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێ وشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە کە نەبێتە هۆکاری پشێوی ونا ئارامی و زیان گەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری ویاساییەکان.
لەبەیاننامەیەکیاندا کەئەمڕۆ دووشەمە بڵاویانکردەوە، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەڵێن: فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی ٢١ لەسەر ٢٠٢٥/٨/٢٢ و پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا و دەستور.
بەیاننامەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان
وەک ئاشکرایە لای هەموو لایەک کە یەک لە ئامانجە سەرەکیەکانی یاساکان بریتیە لە پاراستنی ماف وئازادیەکان وئاسایشی هاوڵاتیان وپێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت.
بۆیە وپاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم وچاودێری ڕەوایی (مراقبة المشروعیة) وپاراستنی ســەروەری یاسا وباش پیادەکردنی حوکمەکانی وچاودێری جێبەجێ کردنی بڕیارەکان بە پێی ماددە (١/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی هەموارکراو، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان وبڕیارێکی دادگا دەسەڵاتی جێبەجێ کردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشیەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی ودەستوریەکان بکات لە پاراستنی گیان وکەڕامەتی هاوڵاتیان وپاراستنی سامانی گشتی وتایبەتی ومافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا ودەستوردا هاتووە.
بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان وبڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێ وشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە کە نەبێتەهۆکاری پشێوی ونا ئارامی وزیان گەیاندن بە سامانی گشتی وتایبەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری ویاساییەکان وە هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان وکەڕامەت وئازادی هاووڵاتیان پارێزراو بێت.
لێرەدا جەخت لەسەر هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن وخاوەنی پەیج وهەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە ودوور لە ئاڵۆز کردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە ولێکەوتەکانی بکەن.
فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی ٢١لەسەر ٢٠٢٥/٨/٢٢ وپاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا ودەستور.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی
٢٠٢٥/٨/

