شەش گروپ بەدواى شاخەوانە ونبووەکانى بانەدا دەگەڕێن

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئێوارەى ئەمڕۆ چوار شاخەوانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەرەسى بەفرەوە گیانیان لەدەستدا، سێ کەس بریندار بوون و سێ کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
دوابەدوای دیارنەمانی گرووپێک شاخەوانی لە بەرزاییەکانی گوندی هەفتاشی سەر بە شارى بانە لەڕۆژهەڵاتى کوردستان، پارێزگارى کوردستان (سنە) فەرمانی کردووە ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەدواداچوونى هەڵگرتنەوەى تەرمى شاخەوانەکان و گواستنەوەى بریندارەکان و دۆزینەوەى شاخەوانە ونبووەکان بکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ئاژانسى ئیرناى ئێرانى، شەش تیمی فریاگوزاری مانگی سوور کە ٢ تیمیان تایبەتن بە بەرپەرچدانەوەی خێرای شاخ، هەروەها تیمێک لە خەڵکی شارى سەققز، ڕەوانەی ناوچەکە کراون ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاریی پێویست گیراوەتەبەر.
پەیام جەلالی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سووری کوردستان ڕایگەیاندوە: چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ژمارەیەک شاخەوان لە ژێر بەفربارینێکدا لەسەر میحوەری بانە بەرەو گوندی بەیان دەرەح (بەرزایەکانی چیای هەفت تاش) دوای بەفربارین گیریان خواردبوو".

پەیام جەلالی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕووداوەکە دەستبەجێ سێ تیمی ئۆپەراسیۆن ڕەوانەی بەرزاییەکانی چیای هەفت تاش کران بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا، کە بۆ شەش تیم زیادکرا.
لەلایەکى دیکەوە جێگری پارێزگاری کوردستان بۆ هەماهەنگی کاروباری مەدەنی ڕایگەیاند: چەند خولەکێک لەمەوبەر تەرمی دوو قوربانیان لە بەرزاییەکانی هەفتەش لەناو بەفر دۆزیوتەوەو گواستراونەتەوە بۆ پزیشکى داد.

ئەو شاخەوانانە بە مینی پاسێک بۆ کات بەسەربردن چونەتە بەرزاییەکانى ئەو شاخەو لە سێ خاڵەوە لە کاتی خلیسکان لە یەکێک لە دۆڵەکانی ناوچەکەدا لە بەفربارینەکاندا گیریان خواردووە.
جێگری پارێزگاری کوردستان، ئەوەى خستەڕوو ئەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە هی ژنێک و پیاوێکن، کە گواستراونەتەوە بۆ مردووخانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی لە بانە.
بەوتەى ئەو بەرپرسە، ئەو کەسانە شاخەوانی پیشەگەر نەبوون و تەنها بۆ خۆشی هاتوونەتە ناوچەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار