ئەو کاتەی سیاسەت دەبێتە گاڵتەجاڕی

6 كاتژمێر لەمەوپێش



فارس نەورۆڵی

سیاسەت هەم زانستە و هەم هونەری باڵایە، بەڵام نەزانیت چۆن کۆدەکانی دەکەیتەوە دەبێتە بەڵا. لای میللەتانێک کە خاوەنی شارستانیەت و بیر کردنەوەی ئەرێنین و سیاسەت لە چاکەی گشتیدا دەبینن ئەوە سیاسەت کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران دروست دەکات.

کورد سەردەمانێک سیاسەتی دەکرد بە ئامانجی ڕزگاری بۆ هوشیارکردنەوەی میللەت و  ڕێکخستنی تەواوی خەڵک بۆ تێکۆشان بۆ ئامانجە باڵاکانی کورد، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەبینین گوتاری سیاسی لەهەڵوەشانەوەیەکی وێرانکەردایەو زۆر نازانستی سیاسەت دەکەین، سیاسەت لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتی خەڵک و چاکەی گشتییە نەک بۆ بەرژەوەندی حیزبی و کەسی، چونکە حیزب لە وڵاتانی پێشکەوتوو وەسیلەیە بۆ خزمەتی گشتی، بەڵام لای ئێمە پێچەوانە بۆتەوە، سیاسەت گۆڕاوە لەکارکردنەوە بۆ خزمەتی خەڵک بووە بە وەسیلە بۆ ململانێی نەرێنی بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و  پارە پەیداکردن  بۆیە گوتاری سیاسی و سیاسەت پاشەکشەی کردوە بۆ فەوزای میدیایی و فەیسبوک بۆ تاوانبارکردن و سوککردنی یەکتری، تائەو ڕادەیەی کەباسی گرنگی سیاسەت دەکەی خەڵک دەڵێن سیاسەت درۆو دەلەسەیە چونکە فەزای سیاسی فاسد بوە بۆیە خەڵک گەشتوەتە ئەو ئەنجامە.

لە کاتێکدا کۆمەڵگای کوردی بەدەست دەیان دەرد و گرفتەوە دەناڵێنێ، پێویستە لەڕێگای سیاسەتی دروستەوە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، کەچی سیاسەت کێشە و گرفتەکانی ئاڵۆزتر کردوە تا ئەوڕادەی خەڵک متمانەی بەحزب و بەدامەزراوەکانی حکومەتیش نەمێنێ بەتایبەتی گەنجەکان، ئاخر حیزبەکان لەبری ناوەندی توێژینەوەو دروستکردنی ئەکادیمیای پەروەردەیی  بۆدروسکردنی تاکی وشیار و کۆمەڵگای بەئاگا هاتون کۆمەڵێک تیکتۆکچی و  جوێن فرۆشیان دژی یەکتر دروست کردوە بونەتە هۆی تێکدانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی  نێوان شارەکانی کوردستان و تێکدانی زیاتری پەیوەندیە سیاسی یەکانی نێوان حیزبەکان  لەبری ئەوەی هۆکار بن بۆبەرزکردنەوەی ورەی خەڵک و شکۆی نیشتیمان کەچی کاربۆبەرزکردنەوە ی  ڤیو دەکەن.

تیکتۆکچیەکان سوکایەتی بەشارەکان دەکەن و دوبەرەکی لەنێوان شارەکاندا دروست دەکەن  هەر چەندە خەڵکی نیشتیمان پەروەر و ڕەسەن ناچێتە ژێر ئەو  بارەوە بەڵام کاریگەری نەرێنی بەجێ دێڵێ ئەگەر داگیرکەرەکان دوێنێ بەهەموو  فڕ و فێڵێکەوە نەیانتوانی شارەکان بکەن بەدوژمنی یەک ئەوا ئەمڕۆ مەفرەزە تایبەتەکانی تیکتۆک و فەیسبوکی ئەحزاب ئەو کارەی داگیرکەر بۆی تەواو نەکرا ئەمان تەواوی دەکەن و  کار بۆدروست کردنی کۆمەڵگەیەکی گەمژە و هەڵوەشاو دەکەن، بۆ ڕزگاربون لەم دۆخە لەم گاڵتە جاڕیەی بەسیاسەتی دەکەن  بۆ گەڕاندنەوەی ڕەسەنایەتی بۆ سیاسەت پێویستمان بەچاکسازی بنەڕەتی هەیە لەئاستی گشتیدا، گەڕانەوەو  قوڵکردنەوەی بەهای دیموکراتی و گەڕانەوەی بەها بۆ پەروەردەو فێرکردن و ڕەسەنایەتی  بۆسیاسەت لەهەمان کاتدا پێویستە ئەحزاب پێداچونە  بەپەروەردە و ڕۆشنبیری حیزبیدا بکەن و بیر بکەنەوە لەوەی کەحیزب شوێنێک بێت بۆ هوشیارکردنەوەی تاک نەک ناوەندێک بۆ وێرانکردن و گەمژاندنی کۆمەڵگا.

پێویستە شەفافیەت فەراهەم بکرێت و هانی  خەڵک بدرێت  بۆ بەشداری چالاکیەکان کەلەخزمەتی چاکەی گشتی دابێت و سەر لەنوێ پێناسەکردنەوەی سیاسەت بەجۆرێک خزمەت بەم قۆناغە بکات تابتوانین ڕێگا لەم گاڵتە جاڕییەی بەناوی  سیاسەتەوە دەکرێ بگرین تا بەرەو داڕزینی بێ چارەسەر نەڕۆشتوین. کورد دەڵێ دۆستم ئەوەیە دەمگرێنێ ،ئێمەش ئەڤینداری ئازادی ئەم وڵاتەین بۆیە خەمی قوڵمان بۆی هەیە  بەڕاشکاوانە پەنجە دەخەینە سەر برینە کان .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار