کاری خێرخوازیی لەژێر پرسیاردا

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕێبوار عەلی چەلەبی

سەرەتا:
هۆکاری نوسینی ئەم وتارە ئەو چیرۆکەبوو، دوێنێ لە لاپەڕەی خۆم لە فەیسبوک بە هۆی دیاردەی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ غەززە و دەرهاویشتەکانی لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، بە پەیڕەو کردنی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی ئەم ڕستەیەم وەکو دەربڕینی بیروڕای ئازاد بڵاوکردەوە "غەزە لە هەموو جیهانەوە بە نهێنی و ئاشکرا کۆمەکی دەکرێت، کوردە هەژارەکە بێ کەس و هەژارە"دواتر لە لایەن کادرێکی ئیسلامی سیاسیەوە، کە کۆمەک بەناوی غەززە کۆ دەکەنەوە تەکفیر کرام. منیش بڕیارمدا نەک بێدەنگ نەبم، بەڵکو ئەم وتارە بڵاو بکەمەوە، بەمەبەستی هۆشیار کردنەوەی ڕای گشتی. 

کاری خێرخوازی لە کوردستان:
ساڵی 1991 لە دوای ڕاپپەڕینەوە ، سەرەتا دەزگای خێرخوازی ڕابیتەی ئیسلامی و دواتر بزافی ئیسلامی و دەزگای خێرخوازی ئیغاسە و دەزگای خێرخوازی سەلام هاتنە کوردستانەوە، ئێستا کۆمەڵ دەزگای بەخشین و یەکگرتوو دەزگای هانای هەیە، کە ئەوەش نەریتێکی کۆنی- ئیخوان موسلمین-ە سەرەتا بەکاری خێرخوازی و دواتر بە دەعوەو پاشان دروستکردنی حیزبی سیاسی و چونە دەسەڵاتەوە ، ئایدۆلۆژیای حیزبی خۆیان بڵاودەکەنەوەو ڕەگ دادەکوتن بە مەبەستی بەرپاکردنی خەلافەتی ئیسلامی ، هەروەک ئیمام حەسەن بەننا لە نامەکانی خۆیدا ڕەنگڕێژی بۆ کردووە. (حسن البنا رسالە التعالیم دارالشروق/ 2002/204-205)

ئەوەی جێگەی سەرنجە حیزبە عیلمانیەکانیش، لەمەدا چاویان لە ئیسلامیەکان کردووە، پارتی دەزگای خێرخوازی بارزانی و یەکێتی دەزگای مام و سۆشیالست دەزگای شەهید عەتا و نەوەی نوێ لە ڕێگەی نوسینگەی ئێن ئاڕتیەوە، دەستیان داوەتە ئەوکارەو بۆخۆیان  ئیشی خێر دەکەن! 

ڕەخنە لە کاری خێرخوازی:
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا ،کۆمەڵگەی لێ ئاگاداربکەمەوە ،ھۆشیاربن بەسادەیی نەکەونە داوی پلانی بەناو خێرخوازییەوە ،یان ئەوەتا خۆیان راستەوخۆ کۆمەکی ھەژارانی راستەقینە بکەن،یاخود رێکخراوێکی شەفاف بدۆزنەوە کە حسابی بانکی ھەبێت و داتاکانی لەسەر شاشە راستەوخۆکان ھەبێت و فلس بە فلسی دیاربێت، چی دێتەناویی و بۆکوێ دەڕوات؟

کە بەداخەوە لەوانەیە ئەوانەی ئەوکارانە دەکەن خۆیان لافی دەستپاکی لێ بدەن، بەڵام بە ئاگایی و ئەزموونی من ھەتا ئێستا لە کوردستاندا رێکخراویی خێرخوازی وانیە!
وەک شایەتییەک لە ئەزموونی خۆمدا، کەسەرپەرشتیاری نوسینگەی کەناڵێکی راگەیەندن بووم و لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کەناڵەکەدا ئاگاداریی وورد ودرشتی کارەکان بووم، رێکخراوێکی خێرخوازیی گەورەش سەر بەو دەزگایەبوو، دەیان و سەدان کون و کەلەبەر و کاری ناشەفافم بە دوو چاوی خۆم دەبینی، کەس ئامادە نەبوو بەدوایدا بچێت؟!!! ئەم سەرنجانەم تۆماکردووە و لێرەدا کورتەکانیان دەخەمە روو:

١-پارەیەکی خەیاڵی و بێ شومار دەھاتنە ئەودەزگایانەوە،بەبێ ئەوەی شەفافبن تەنھا پسوڵەیەکیان دەدا بە خێرکارەکە و نوسخەی دووەم لای خۆیان نەدەزانرا چی لێ بکەن.؟!
٢-بەشێکی کەمی دەدرا بە ھەژاریی ریکلامەکە و ئەو هەژارە ارێکتر وەکو ریکلام بەکاردەھێنرایەوە، زۆرینەکەی دەکەوتە بەردەستی بەرپرسەکان "ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆر"

٣-چەکمەبۆرەکان سەرانی دەستڕۆیشتووی حیزب و ھەڵسوڕوانی دەزگاکە و خودی حیزب بوو ،کەبۆ ئۆرگانەکان و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان کورسی و پۆستی پێ پەیدا دەکرا!!! تەنانەت جارێک نارەزایی ئەم حاڵەم گەیاندە سەرۆکی حیزب،سەرۆک فەرمووی: "ئەوە خەڵک ھاوکاری بۆ حیزب دەنێرن،بەڵام ناوێرن راستەوخۆ بڵێن بۆ حیزبەکەیە !"

٤-زۆربەی ئەوکەسانەی سەپەرشتی کاری خێرخوازیان دەکرد، لەناکاو بەبێ بوونی سەرچاوەیەکی دارایی دیار دەوڵەمەند دەبوون و لەناوگەڕەک و کەسوکاریاندا دەنگی دەدایەوە، دواترهەر لەو ڕێگەیەوە هەندێکیان چوونە ناو پەرلەمانەوەو دەسەڵاتیش ئاسان کاریان بۆدەکات، تەنانەت خێرخوازێک کەبووە پەرلەمانتار خۆی راگەیاند : "لەپێشئەوەی بێمە ناوپەرلەمانەوە،پارەم لەوە زیاتر دەستدەکەوت"

٥-لەبەر ئەوەی کاریی خێرخوازی سەروبەندی لەگەڵ  مێینەدایە !زۆرجار خێرخوازەکان تووشی دەردی عەشق و غەرامیات و  دەبوون و سەریان لە چەندژنە و کاریی رۆمانسیەوە دەردەچوو!

٦-مانەوەی پسوڵەی دووەم گرفتی سەرەکی بوو نەدەزانرا چی لێ بکەن،چونکە بەڵگەی حاشا ھەڵنەگریی پارەکانن!بۆیە زۆربەی لەسەرەولێنک و شوێنە چۆڵەکان دەسووتێنران و بەشێکی تریشی لە گوێنیدا فڕێ دەدران ،کەمن خۆم عەلاگەیەکم لێ ھەڵگرتووە!

٧-ڕیکلام بۆ ھەژاری راستەقینە و راستەوخۆ و شوێندیاری نەدەکرا،رکلامی چڕوپڕ بۆ ئەوھەژارانە دەکرا شوێن نادیاربوون و زۆر دەلاڵانەوە و دەردیان کاریی بوو!بەتایبەت لە مانگی رەمەزان و شەوی ھەینی و کاتی موچە، بەخەستی کاری لەسەر دەکراو ووتارچی و بانگخوازەکان بۆ ئەومەبەستانە زۆر بەکار دەھێنران. جارێکیان ھەڤاڵێکم کەناسراوە و شایەتە،ھەژارێکی لەزستاندا لەژێر لەوحێکدابینی بوو، منی ئاگادارکرد ریکلامی بۆ بکەین تا خێرخوازەکان فریایی کەون ،کامێراوستافم راگەیاند بچن بەدەمیەوە،ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو لە بنکەی سەرەکیەوە رێگری لێکرا،کاتێک بەرپرسی دەزگاکەم ئاگادارکردەوە،بەڕێزیان بێ ترس فەرمووی:- "برا ئەوە چیە؟خەڵکی خۆیان یارمەتی بۆدەبەن، نێچیرێکی قەڵەومان بۆ ببینەوە"

٨-بەشێکی دەدرا بە ھەژاران و دواتر دەکرا بەھەرا، بەڵام زۆربەشی بۆ خزموکەس وکایی بەرپرسە حیزبیەکان بوو،بەپارەی کاش یاخود ماددی یان خانوو،بۆیان دەکرا ھەم فشاری سەرخۆیان کەم دەکردەوە و ھەم  وەکو خێرخواز دەردەکەوتن ،کەزۆربەیان پۆست وپلەوپایەیان ھەبوو.

١٠-وێنەگشتیەکانی خەڵک و گردبوونەوەی ئیفتاریی مزگەوت وبارەگاکان، بە ناوی چەند دەزگاو کەسی بیانی جیاجیاوە لەھەمان شوێن وێنەیان دەگیراو بۆ دەرەوەی وڵات دەنێرران و پارەی خەیاڵیان بۆ حیزب پەیدادەکرا.

١١-دەزگاکە30 نووسینگەی ھەبوو، ژمارەی تەلەفۆن دانرابوو لەھەموو شاروشارۆچکەکاندا،بەسەدان دەفتەر دۆلار کۆ دەکرایە و تەلەفۆن لای کەسێک بوو موعتەبەری دەزگای مەرکەزی بەس خوا دەیزانی بەتەلەفۆن چەند پەیدا دەکات؟ بەڕاستی ئەوەندە ناشەفاف بوو کەسی پاکیشی بەزۆر پیسدەکرد!

جارێک ھەژارێک سێ دەفتەر دۆلاری دەویست بۆ چارەسەری نەخۆشیەکەی لە هندستان، لە نوسینگەکەی لەمەڕ ئێمەوە بەتەنھا 100دەفتەر دۆلاری لە مانگی رەمەزاندا بۆھات! بێجگە لە29 نوسینگەکەی تر کە نەمدەزانی چەندیان کۆکردۆتەوە.

داوامکرد ئەو ھەموو پارەیە زیادەیە و با ھەریەک لەشاری خۆی سەرفیکات،تەنانەت داوامکرد نەخۆشخانەیەکی گەورەی لێ دروستبکرێت،ھێشتا ھەر عیادەی بچووک ھەبوو نەخۆشخانەی گەورە پەی پێ نەبرابوو ئەوکات. سەرەنجام لەسەرۆکی حیزبەوە ھەڕەشەیەکی قورسم بە سەرۆکی دەڤەرەکەدا بۆ ھات، کە بەربەست دروستنەکەم و سکاڵا لای دەزگای دادوەری حیزب تۆمار بکەم! ئەوەبوو بەراستی و بە جورئەتەوە تۆمارم کرد ،بەڵام سەرئەنجام گورگانخواردوو کرا.

ئەمە مشتێک بوو لە خەرمانێک، من لەگەڵ  ئەوەدام ھاوکاری و دەستگرۆیی بکرێت،دڵنیام کەسی خێرخوازی پاکیش زۆرن،زۆر کەسی ھەژاریش ھەن سوود مەندبوون لەو کارەخێرخوازیانە،بەڵام گرنگە شەفافبێت و نەقۆزرێنەوە بۆ مەبەستی تایبەتی و حیزبی و ئەوەی من لە رەخنەکان خستمە روو لێپرسینەوە و چاودێری وورد نەبێت کەس بە سەلامەت لێی دەرنابێت،چونکە پارەی بەلاش بۆ بەلاشخانە دەڕوات .

کۆتایی:
سەبارەت بە کۆکردنەوەی کۆمەکی بۆ شاری غەزە،ڕاستە کەرتی غەزەی فەلەستین لە قەیراندایەو کۆمەکی کردنی کارێکی مرۆڤانەیە،بەڵام ئێستا کوردستان لە ژێر قەیرانی ئابوری سەختدایە و وەکو غەزە بەرگی ئاینی نیە هەموو جیهان بە نهێنی و ئاشکرا کۆمەکی بکات. 

لە قورئانی پیرۆزدایشدا باسی خزمە نزیکەکان کراوە بۆ چاکە خوازی" ۆأُولُو الْأَرْحَامِ بَعْچُهُمْ أَوْڵیٰ بِبَعْچٍ فِی كِتَابِ اللَّهِ ۗ إِنَّ اللَّهَ بِكُلِّ شَیْ‌وٍ عَلِیمٌ /75/انفال" کەواتە کوردستان لە پێشترەو غەزە پەکی ناکەوێ، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەناوی خێرخوازیەوە دەگوزەرێت، خۆ بەپاڵەوانکردنە و پرۆسەی دەنگ کۆکردنەوەیە بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی عێراق، تاکو ئەم حیزبی ئیسلامی پێش ئەو حیزبی ئیسلامی بداتەوەو دواجار کۆمەڵگەکەمان زیاتر قەیراناوی تر ببێت. دەبوو بۆ ڕێنمایی هاوڵاتیان، داواکاری گشتی و ئەوقاف و یەکێتی زانایان و لیژنەی باڵای فتوای کوردستان بهاتنایەتە دەنگ و خۆیان لەم نێوەندەدا نەکردایە بە "کەڕەی شەربەت" ڕەحمەتی کاتێک شەربەتێکت لێ دەکڕی لە دانەوەی باقی پارەکە خۆی کەڕ دەکرد، خەڵکی سلێمانیش ناویان لێ نابوو کەڕەی شەربەت. لە کۆتایدا وەکو"حاجی قادری کۆیی" دەڵێم، کە دەفەرێت:

حاجی کەسێکە بێکەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ
گوێی لێ گرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار