تاکی ئێستا بە ئاوەزی چاخی بەردین

6 كاتژمێر لەمەوپێش



شەرمین وەلی

لەگەڵ هاتنە دونیای مرۆڤ بە درێژایی قۆناغەکانی تەمەن و گوزەران و ژیانی، بەردەوام هەوڵیداوە خۆی بپارێزێت لە مەترسییەکان، دەکرێ ئەو مەترسییە ترس بووبێ لە سروشت (لافاو و بورکان و بوومەلەرزە..تد)، ترس لە قات و قڕی و برسێتی؛ یان ڕەنگە ترس بووبێ لە ئاژەڵی کێوی ..هتد. 

کە ئەمانە هەمووی ترس بووە لە مردن و لەناوچوون، بۆ ئەمە مرۆڤ بەردەوام کاردانەوەی هەبووە بۆ ئەم هەستی ترسەی باڵی بەسەردا کێشاوە، کە ئەمەش نیشانەی دەرککردن و تێگەیشتنی مرۆڤ بووە لەو ڕووداوانەی لە دەوروبەریدا ڕوودەدەن کە ئەمە تا ئێستاش لە لای مرۆڤ هەر ماوە و هەیە.

تا ئێرە ئێمە دەتوانین بڵێین کارکردن و هەوڵەکان، جۆرێک لە کاردانەوەی مرۆڤ بووە لە پێناو پاراستنی خۆی لەو گۆڕانکارییە سروشتی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت گۆڕانکارییە فیزیکییەکانی مرۆڤیش کە هەستی پێکردووە و پەی پێبردووە، تا ئەم قۆناغەی مرۆڤ لە ترساندا کاردانەوەی نواندووە. 

ئەوەی لێرەدا من دەمەوێ هەڵوەستەی لەسەر بکەم و ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە ناکرێ لەم قۆناغەی ئێستای کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕ دەبێت؛.

دیسان کاردانەوەی ترسێک بێ، کە وەک پێشوو باسمان کرد بۆ قۆناغەکانی سەرەتایی ژیانی مرۆڤ گرنگ و پێویستی بووە، بەڵکو پێویستی بە (کارکردنە لە بری کاردانەوە)، بۆ ئەوەی ڕوونتر بدوێم لەسەر ئەم بابەتە، ئەم کاردانەوەی کە مرۆڤ هەیبووە لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ژیانی کە هاتۆتە ئاراوە و ناچاری کردووە کاردانەوە بنوێنێ، بیگۆڕێ بە (کارکردن) و هەوڵدان لە پێناوی خۆ بنیاتنان و خۆ دروستکردن  و خۆ پێگەیاندن، تاوەکو بتوانێ خۆی ئاڕاستە و چوارچێوەیەک دابرێژێ بۆ خولیا و خەونەکانی و ئیرادە و ویستی خۆی بکاتە هەوێنی گەشەپێدانی خودی و گەشەپێدانی کۆمەڵگاش، چونکە کاتێک مرۆڤ بڕیار دەدات کارێک ئەنجام بدات.

واتە جۆرێک لە خەون یا ئامانجی هەیە کە پێشتر بیری لێکردۆتەوە، بۆ ئەوەی وەدی بێنێ، پلانی بۆدادەڕێژێ تا پێی بگات.

ئەگەر ئەمە وردتر بکەینەوە  بۆ شیوازی ژیانی ئێستای تاکی کورد، دەبینین کە کەم نین ئەوانەی بۆ زۆربەی بوار و لایەنەکانی ژیانی خۆی کاردانەوە ئەنجام دەدات لە جیاتی کار بکات، بۆ نموونە (لە داخی فلانە کەس) دەچێتە شوێنێک، لە ڕقی فلان خۆی جوان دەکات  یان خۆی دەگۆڕی ، بۆ ئازاردانی فیسار کەس وێنەی خۆی دەگرێ و بڵاوی دەکاتەوە، یان لە کاردانەوەی ماڵەوەیان (هاوسەرگیری) دەکات، لە داخی هاوڕێکەی، هاوڕێیەتی کەسی دیکە دەکات، لە داخی خۆشەویستی پێشووی شتێک دەکات کە هەرگیز نەیکردووە...تد ئەمانە و چەندان کاردانەوەی دیکە دەنوێنێ بەس لە داخی ئەوانی دیکە، دڵ تەقاندنیان، و وزەیەکی زۆر بە فیڕۆ دەدات لە پێناو دڵ تەنگ کردن و ئازاردانی ئەوی دیکە ، بێ ئاگا لەوەی کاتێکی زۆر بە فیڕۆ دەدات نەک لە پێناوی بنیاتنان و پێگەیاندنی خۆی و کەسایەتیەکەی و جوانکردنی ژیانی خۆی و دەوروبەری، بەڵکو تەنها لە پێناوی ئەوەی ئەوی دیکە ئازار بکێشێ. کەواتە ئێمە هاتینەوە قۆناغی سەرەتاکانی ژیانی مرۆڤ کە لە ترسی گۆڕانکارییەکانەوە کاردانەوە دەنوێنین نەک کارکردن لە پێناوی ئەوەی کە پەیمان پێبردووە و  تێگەیشتن و ویستمان هەیە بۆ ژیان، ئەو جۆرە ئاوەزەی کە كۆمەڵناسی فەڕەنسی (لۆسیان لێڤی برێل) لە کتێبی (ئەقڵیەتی سەرەتایی- العقلیة البدائیة) دا ئاماژەی بۆ ئەو جۆرە تێفکرینی مرۆڤی سەردەم دەکات کە لە بنەڕەتدا زەینی چاخی بەردینە؛ بەمەش نەمان توانی مانایەکی دیکە ببەخشین بە ژیان کە دۆزینەوە و پەیبردنە لە پێناوی ئاشکراکردنی لایەنە شاراوە و جوانەکانی مرۆڤ بۆ خزمەتکردنی خۆی و بەخشینەوەی ئەم جوانییانە لە ڕێگەی خۆشەویستی و ڕێز و پاراستنی شکۆی مرۆڤ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار