بەسەرپەرشتى هەسەدە کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی پێكهاتەكان ڕێکدەخرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە سبەینێ هەینی، هێزەکانی سوریای دیموکرات، کۆنفرانسێکی فراوان لە شاری حەسەکە، لەژێر ناونیشانی کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا رێكبخەن، بە بەشداری زیاتر لە (400) کەسايەتى لە پێكهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکانی ناوچەکە، لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی یەکخستنی دیدگاو داواکارییەکان بەرامبەر بە حکومەتی سوریاو، جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پیادەكردنی سیستەمێکی نا ناوەندی لە وڵاتەکەدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریای راگەیاندووە: لە هەفتەكانی رابردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامادەکارییەکانی بۆ کۆنفرانسەکە چڕکردووەتەوە، لەڕێی رێکخستنی زنجیرەیەک کۆبونەوە لەلایەن بەرپرسەكانی لەگەڵ کەسایەتییە پێکهاتەکان و شێخەکان و کەسایەتییە ناسراوەکانی هۆزە کوردی و عەرەبیەکان، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی دەیرزور و رەقە.
بەوتەی سەرچاوە تایبەتەكانی تەلەفزیۆنی سوریا، دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە، یان بەیاننامەی کۆتایی كۆنفرانسەكە، کۆمەڵێک داواکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت، دیارترینیان، بانگەوازە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی گشتگیر لەسەر بنەمای یەکێتی خاکی سوریاو هەموارکردنەوەی بەڵگەنامەی دەستوری ئێستا، بۆ زامنكردنی بەشداریی کاریگەرانەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، هەروەها جەختكردن لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی دادپەروەری راگوزەرو ئەنجامدانی ئاشتەوایی راستەقینەی کۆمەڵایەتی و بونیادنانەوەی متمانە لە پێكهاتەكانی گەلی سوریادا، لەگەڵ پێداگریكردن لەسەر پەسەندکردنی مۆدێلی حوکمڕانی نا ناوەندی وەک دەروازەیەكی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەک لە هۆزەكان رایگەیاندووە: هەسەدە رۆڵی هەبووە لە هاندانی ژمارەیەک لە سەرکردەی هۆزە عەرەبیەكانی عەرەب لە رەقە و دەیرزەر، بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر بگرنەبەر وەک بژاردەیەکی ناوخۆیی سازان لەسەر كراو پێشکەشی بکەن، بێ گوێدانە ئایندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچانەكەیان، دەمێنێتەوە یان دواتر دەکشێنەوە.
