قەرەیلان: توركیا تێڕوانینی بۆ كورد نەگۆڕیبێت پرۆسەی ئاشتی ئەنجامی نابێت

11 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەیەكی باڵای پەكەكە دەڵێت، ئەگەر دەسەڵات لە توركیا تێڕوانینی بۆ كورد نەگۆڕێت ئاشتیی بەدی نایەت و پرۆسەی ئاشتی ئەنجامێكی باشی نابێت.
موراد قەرەیلان فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، بزوتنەوەی كورد لە باكوری كوردستان بە بەردەوامی دژی داگیركاریی وەستاوەتەوە و هەوڵی چارەسەرەیی و ئاشتیی داوەو ئەوەش زیاتر لە 30 ساڵ بەردەوامە، بەڵام دەسەڵاتی توركیا رێوشوێنی پێویستی بۆ ئاشتی و چارەسەریی نەگرتووەتەبەر.
بە وتەی قەرەیلان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە رێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1993ەوە تائێستا بە بەردەوامی هەوڵی چارەسەریی پرسی كوردی لە باكوری كوردستان داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی توركیا وەك پرسێكی ئەمنی و ئاسایش روبەڕوی كورد بووەتەوە، ئاڵۆزییەكان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
قەرەیلان وتیشی، هیواداران تێڕوانینی دەسەڵاتی توركیا بۆ پرسی كورد گۆڕانكاریی بەسەردا هاتبێت، چونكە بە پێچەوانەوە هیچ پرۆسەیەك بۆ ئاشتیی و چارەسەریی پرسی كورد لە توركیا سەرناگرێت و ئەنجامی نابێت.
فەرماندەی هەپەگە موراد قەرەیلان، دەربارەی پرسی ستەم و ئابڵوقەکانی حکومەتی عێراق لەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی لە مەخموور ئەمەی گوتی: "داخۆ دەوڵەتی عێراق هەموو کێشەکانی خۆی چارەسەرکردووە، کە ئێستا مەخموور وەک کێشەیەک ماوەتەوە؟ ئەوەی عێراق دەیکات بەڕاستی نەنگییەکی گەورەیە. بۆئەوەی فشار لەسەر دەوڵەتی عێراق درووستنەبێ و هەموو شتێک بەشێوەیەکی یاسایی بەرێکوپێکی بەڕێوەبچێت، وەک هێزێکی سەربازی لە مەخموور دەرچووین و هەموو سەنگەرەکانمان ڕادەستییان کرد. بەڵام لە ئێستادا لە هەمان پێگەوە هەوڵدەدەن گەمارۆی کەمپەکە بدەن و فشار دەخنەسەر گەلەکەمان. پێویستە دەوڵەت و حکومەتی عێراقی زۆر باش لەمە تێبگات، هەر خراپەکارییەک لە دژی ئەو کەسانەی لە کەمپی مەخموور دەژین، بەمانای خراپەکاری دێت لە دژی بەهاکانمان و بەهیچ جۆرێک ئەمە قبوڵ ناکەین. ئەمە هۆشمەندی هەڵوێستێکە. ئێمە وەک تەڤگەری ئاپۆیی ئەمە قبوڵ ناکەین و لە بەرانبەرییدا بێدەنگ نابین. پێویستە بزانرێت گەر ئەم نزیکایەتییە لە دژی خەڵکی کەمپەکە درێژەی هەبێت، ئەوا ناچارین جارێکی دیکە دەستەوەردانی تێیدا بکەین و گەریلا بنێرینەوە مەخموور."
