بەرهەمهێنانی نەوت 200 هەزار بەرمیلەو هەرێم و بەغداش رێکنەکەوتون

9 كاتژمێر لەمەوپێش
روانگەی "ئێکۆ عێراق" کە تایبەتە بە کاروباری ئابوری، ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە: بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژێکدا (٢٠٠) هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە، ئەوەش دوای چارەسەركردنی کاریگەری ئەو هێرشانەی کە کێڵگە نەوتییەکانی کردە ئامانج.
ئێکۆ عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە هەرێم بۆردومان کران، كاركردنیان دەستپێكردووە، بەرهەمهێنانی رۆژانەشیان بۆ زیاتر لە (200)هەزار بەرمیل زیادیکردووە، دیارترین كێڵگەكانی بەرهەمهێنان بریتین لە: شێخان، تاوکێ، بیشخاپور، خورمەڵە، و سەرسنەک.
باسی لەوەشكردووە: هەرێم و بەغداد تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەهۆی ناکۆکی لەسەر کرێی ئەو کۆمپانیایانە کە لە هەرێمدا کاردەکەن، چارەسەرکردنی قەیرانەکەش پێویستی بە کۆبونەوەی نێوان سێ لایەنی پەیوەندیدار هەیە، یان خەرجکردنی کرێ بە کۆمپانیاکان، کە حکومەتی فیدراڵی رەتیدەکاتەوە.
روانگەکە، هۆشداریداوە لە بەردەوامبوونی کێشەکە كە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی حکومەتی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگرێت.
بەردەوامبونی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد لەكاتێكدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لەمایانی سەردانێكیدا بۆ كەركوك و بەسەركردنەوەی پرۆژەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور رایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەینێ هەرێمی كوردستان نەوت رادەست دەكات و پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانی توركییەوە دەستپێدەكاتەوە، بەڵام تائێستا هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكردووەو كێشەكان بەهەڵواسراوی ماونەتەوە.
