خوێندنەوەیەکی فۆکۆییانە بۆ چەمکی دەسەڵات

8 كاتژمێر لەمەوپێش
ئازاد شکور
بە درێژایی مێژووی فیکری سیاسی، سەتان بیرمەند و هرزڤانی جیهانی دەبینینەوە، کە ئاکت و ڕوانینی خۆیان لەبارەی دەسەڵاتەوە خستووەتە ڕوو، هەریەک لەوان دەیان و سەتان بەرهەم و وتار و توێژینەوەیان لە مەڕ دەسەڵات بە مانا ڕووتەکەی خستووەتە ڕوو، گەنگەشەو شرۆڤەی جیاواز جیاوازیان بۆ کردووە، بەڵام ئەوەی "میشێل فۆکۆ" لە هزرڤانانی پێش خۆی جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە فۆکۆ بەیەکێک لە ڕووخسارە زۆر جیاواز و هەرەنوێیەکانی مێژووی فیکری سیاسی دادەنرێت، بە جۆرێک زۆرجار ناونیشانی بیرمەندی دەسەڵاتی پێوە دەلکێنرێت.
هاوکات ئەوەی وای کردووە کە وەزیفەی فۆکۆ لەگەڵ ئەوانی پێش خۆیدا جودا بێت، ئەوەیە کە میشێل فۆکۆ، قسە لەسەر کۆی لایەنە بەشەکیەکانی دەسەڵات دەکات، واتا چەمکی دەسەڵات لای ئەم بیریارە تەنها ڕەهەندێکی سیاسیانەی ڕووتی وەرنەگرتووە، کەتەنها بریتی بێت لە دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتداری و بەڕێوەبردن، بەڵکو زۆر ئارکێولۆژیانە، بە بینین و تێگەیەکی مێژووییانە، خوێندنەوە بۆ پنت و هەموو ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتی و مەعریفی و دەروونیانە دەکات کە بەزارەکی خۆیان وەک سەربەخۆ و ئازاد وێنا دەکەن، بەڵام ئەمە لای فاکۆ سێبەری دەسەڵاتە، کە لە نێو پنتە بچووک و بەشە نادیارەکانی دەسەڵاتدا خۆی مەڵاس داوە، فۆکۆ بەدیدێکی تەواو جیاوازەوە دەیانخاتە بەرباس و دەست دەکات بەهەڵکۆڵین و شروڤەکردن و قسەی جیاواز لەبارەیانەوە دەکات.
هەر لەم ڕوانگەیەوە، بەگرنگی دەزانین ئاوڕێک لەم بەشە نادیارەی دەسەڵات بدەینەوە و خوێندنەوەیەکی فۆکۆیانە بۆ کۆی ڕەهەندە بەشەکی و پنتە بچووک و لاوەکیەکانی ناو هەناوی دەسەڵات بکەین، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە بینین و دونیابینی زۆرێکماندا بابەتگەلێکی پەنهان و نهیێنین.
بەو پێیەی زۆرینەی تێکستەکانی تۆڕی دەسەڵات لە پنت و نادیار و پەراوێزخراوەکان شەن و کەو و شرۆڤە دەکات، هەربۆیە رۆرینەی نوسینەکانی سەبارەت بە مێژووی سێکسوالیتە و مێژووی کلینیک و مێژووی شێتیە و کارکردنە لەسەر کۆی ئەو لایەنە شاراوە و تەریککراوانەی کە پشتگوێ خراون، تا دەگاتە ئەو باوەڕەی بڵێت: [دەسەڵات تۆڕێکی فراوانە و لە هەموو پنتەکانی ژیاندا ئامادەگی هەیە، ئەگەر بمانەوێت یان نەمانەوێت، ئەوا ناتوانین لە تۆڕە ئاڵۆز و پێچاوپێچەکانی دەسەڵات ڕزگارمان بێت.] ١ فۆکۆ بەمە دەیەوێت پێمان بڵێت، کاریگەری دەسەڵات تەنها لە پەرلەمان و دەزگا هەواڵگری و هێزە چەکدارەکاندا نین، بەڵکو کۆمەڵێک دەزگا و دامەزراوە هەن لەو شوێنانەدا بەرجەستە و ئامادەگیان هەیە، کە بە تێوری وەک سەربەخۆ و ئازاد خۆیان پەخش دەکەن، بەڵام لە جەوهەرو پراکتیکدا، هەمان سیستەم پیادە دەکەن، بۆ وێنە ئێمە دەزانین زانکۆکان و سیستەمی پەروەردە لە بنەچەدا ئەرکیان ئەوەیە مەعریفە و هۆشیاری و زانین بڵاوبکەنەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لە ڕێگەی ئەم سیستەمانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چۆن دەسەڵات لە ژێر هەیمەنە و هەژموونی ڕەوتێکی جڤاتی بهێڵنەوە، تێکڕای کۆمەڵە و تایپەکانی دی ناو کۆمەڵگە بێبەش و پەراوێز و تەریکیان بکەن.
ئەگەر بکرێت، سیستەمی دادوەری بۆ وێنە وەربگرین بەتەواوەتی ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە سێبەری دەسەڵات چەند کاریگەر و کارایە، بەسەر دامەزراوەی دادوەرییەوە، کاتێک دەسەڵاتی دادوەری ناتوانێت بچووکترین مافی مافخوراوێکی بێ پشت و پەنا وەربگرێت، لەکاتێکدا دەیان کەتنی نیشتیمانی بەدی دەکەین، کاتێک وڵات نوقمی گەندەڵی و لێکترازان دەبێت، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی یاسایی نابینرێت، ئەوا ڕوون دەبێتەوە، کە دەسەڵات بەتەواوەتی ڕۆچووەتە نێو سیستەمی دادگەری و کۆی سیستەمەکانی ترەوە.
لێرەوە تێدەگەین کە دەسەڵات تەنها لەکایەی سیاسیدا خۆی بەرجەستەناکات، بەڵکو وەک تۆڕێکی بەیەکداچوو لە نێو کۆی سێکتەرەکاندا بوونی هەیە، وەک پەیوەندی نێوان ژن و پیاو ، پزیشک و نەخۆش ، مامۆستا و فێرخواز، وەستا و کرێکار، هەتا دوای، هەریەکەش لەم پێکهاتە کۆمەڵایەتیەش دەیەوێت دەسەڵات و هەژموونی خۆی بەسەرئەوانەی خوارخۆیدا بسەپێنێت، هەربۆیە تەواوی پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتی دامەزراون.بەهۆی ئەوەی مڕۆڤ بونەورێکە خاوەن ویستی ئازاد نیە، ژیانی فکری و کۆمەڵایەتیەکەی، بەدامەزراوەیی دەسەڵاتی تەنراوت، بۆیە هەمیشە کاربۆئەوە دەکەن ئەوجۆرە لەمرۆڤ بەرهەم بهێنن کە خۆیان دەیانەوێت.
فۆکۆ چەمکی دەسەڵات زیاتر ڕوون دەکاتەوە ودەڵێت: (بۆ ناسینی دەسەڵاتی چەپێنەر و سەرکوتکار، پشت بە میتۆدی "ئارکێولۆژیانە" دەبەستێت بەڵام بەڕەهەندێکی مێژوویانە، کە هەڵکۆڵین و گەڕانە بەشوێن پنتە بچوک و زۆر وردو لایەنە پەنهاکانی کەلەپووری مرۆیی و جەستە کۆمۆڵایەتیەکانی کۆمەڵگا لە کات و شوێنە جۆربەجۆرەکاندا)٢. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات هەمان ئەو میکانیزم و ڕێگایانەی کە بۆ چەپاندن و مۆنۆپۆڵکردن و دەست بەسەراگرتن بەگەڕ دەخرێن، کەهەمان بنەمای چەپاندن و سەرکوتکردنە، ئەواش لەناو خێزان و دەرەوەی خێزان و لە زیندان و ناوەندەکانی خوێندن و نەخۆشخانەکاندا، هەر لە لوتکەی هەڕەمی کۆمەڵگاوە بۆ خوارەوەی پنتی کۆمەڵگا، لە ناوەخنی ئەستەم ترین جێگە بۆ توێژاڵە هەرە ئاسانەکان، لە هەموو پارچەکانی جەستەی جڤات، بەهەمان نۆڕم و سەلیقە کاردەکات، بەتایبەتی لەسەردەمێکی ئێستای وەک پێشکەوتنی تەکنەڵۆژیادا، دەتوانێت زۆر سانایی تر و خێراتر دەست بەسەر تەواوی لایەنە هەستیار و ونبووەکانی کۆمەڵدا بگرێت، هەینێ بیرکردنەوە و یادەوەری و هیواو دونیابینی تاک بەتەواوەتی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، چۆنی بوێت هەربەو شێوەیە ئاڕاستەی بکات و هێڵی بۆ دابنێت، هەربەمەش بە کەمترین تێچوو دەسەڵات دەتوانێت بیر لەکۆنتڕۆڵکردن و چەپاندنی تاکەکان بکاتەوە. نەخاسمە لەسەردەمی سەرمایەداریدا، سەرکوتکردن فۆڕم و شێوازێکی گشتییانەتر بۆ دەسەڵات پێک دەهێنێت.
یەکێکی دی لە دیوە زۆر ترسناک و لایەنە نادیارانەی دەسەڵات ئەوەیە کە کار بە میتۆدکردنی (نهێنی بوونی دەسەڵات) یان شاردنەوەی دیوە دزێوەکەی دەسەڵات دەکات، کە هەمیشە هەوڵدەدات دیوی حەقیقی و ئەو لایەنانەی کە پایەی ڕاگرتنی دەسەڵاتن، بە نهێنی شاراوەیی بهێڵێتەوە بۆ نمونە: کاتێک پزیشک دەخوازێت دەست لەنەخۆشەکەی بدات یان لەمسی بکات، بەبێ ئەوەی خۆی دەستی لێبدرێت، کە هیچ کەسێک لەدەرەوەی ڕەزامەندی پزیشک ناتوانێت لەمسی پزیشک بکات، جەستەی دەست لێنەدراو وەک ڕازێکی نهێنی و نادیاری و شوێنێکی ئاشکرانەکراو، وەک ژوورێکی داخراوی پڕ ڕازی نهێنی و داخراو، کە وەک ژێدەری نهێنی گەورەکان دەمێنێتەوە، دەبێتە جێگەی پرسیار و بیرلێکردنەوە و مشتومڕکردن و هەڵوێستە لەسەرکردن، چونکی دەسەڵات هێزێکی ترسنۆکە و لە جەستە نهێنی و نادیارەکەی کۆمەڵگا دەترسێت، هەمیشە لە بۆسەو پلاردایە، کەئەو بەشە نادیار و ناڕوونەی جڤات ڕوون ببینێت و وەک شەفاف بکەوێتە پێش چاوی، بەبێ ئەوەی جڤات و نوخبە، لایەنە تەڵخ و شاراوەکانی دەسەڵات ببینێت، هەوڵدەدات لەم کارەی سەرکەوتووبێت گەرچی ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەیش بێت، ئەوا پێویستە زۆرێک لە میکانیزمی خۆی بشارێتەوە.
یەکێکی تر لەو دەلاقانەی کە فۆکۆ لە ڕێگەیەوە ڕەخنە لە جومگە و دەمەزراوەکانی تری دەسەڵات دەگرێت، ئەویش قسەکردنە لەسەر پرسی "شێتی"، بەمەش زانستی و پزیشکی و زانستی دەروونزانی وەک میراتگری دەسەڵات لە ڕێگەی کتێبە بەناوبانگەکەیە کە سەبارەت بە مێژووی شێتیە لەسەردەمی کلاسیکدا، لەم ڕێگەیەوە تەواوی پایەکانی دەسەڵات و پڕۆژەی مۆدێرنە و عەقڵانیەت لەق دەکات و خراپتر لە سەردەمی کلاسیک وێنای دەکات، لە ڕێگەی ئەم پرۆژە گەورەیەوە دونیابینی تێڕوانینی دونیای نەک سەبارەت بە پرسی شێتی و دەسەڵات گۆڕی؛ بەڵکو تێکڕایی بیره کلاسیکەکانیشی ئاوەژوو و قوڵپکردەوە، لە دەستپێکی کتێبەکەیدا، وێنەیەکی ناجۆر و تراژیدی باسدەکات بە " کەشتی شێتەکان" دێتەگۆ: ( ئەم چیرۆکە باس لەوە دەکات، کە چۆن شێتەکان لە ڕێگەی کەشتی بێ کەشتیوانەوە، لەشارەکانەوە کۆ دەکرێنەوە و تەسلیمی قەدەری دەریاکان دەکرێن، بەتەواوەتی دەربەدەر و پەڕاگەندە دەکرێن، لەسەر زەوی دەسڕێنەوە بۆ ناشوێن و بۆ ناو دەریاکان دەسپێردرێن، ناچار بەدەرپەڕاندن و دووورخستنەوە دەکرێن، ئەم چێرۆکە وەک تراژیترین ئەزموون و جیاکردنەوە و دەرپەڕاندن لە ژیانی خۆی)٣
ئیدی ئەم چیرۆکە تراژیدیە شیتەڵ دەکات، هەڵبەت بە پێی قۆناغەکانی مێژوو چەمکی شێتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت تاکو لەسەردەمی مۆدێرن و عەقڵانیەتدا، چەمکی شێتی دەگۆڕێت بۆ پیاوی نەخۆش، ئیدی دەخرێتە ژێر چاودێری زانستی پزیشکیەوە، پاشان وردە وردە ژیان لە کۆد ئەفسووسی داهێنەرانەی شێتەکان دادەماڵرێت، لەوە بەدواوە شێتەکان، ورد وردە لە شەقام وکۆڵان و شوێنە گشتی و جڤینە کۆمەڵایەتیەکان دووردەخرێنەوە، شێتەکان بەناوی چارەسەری دەبرێنە بەردەم پزیشکە دەروونیەکان، بزیشکانیش وەک یەکێک لەڕەگەزو سێبەرە بەرجەستەکانی دەسەڵات هەیمەنە و هەژموونی دەسەڵاتیانەی خۆیان بەسەردا دەسەپێنن و بەرەو چەپاندن و ملکەچ پێکردنیان دەبەن.
ئەم کەشتیە دەڕبڕین لەو ڕاستیە تاڵە دەکات، گەڕان و پشکنین بنکۆڵکاری لەهەموو سەردەمەکاندا، لە مێژووی هەموو مرۆڤایەتیدا بریتیە لەگەڕان بەدوای سەختترین شێوازەکانی سەرکوتکردن و چەپاندنی مرۆڤدا. برتییە لە دوورخستن و جوێکردنەوە، شێتەکان مەحکوم و تۆمتبارن بە دەرپەڕاندن و پەراوێزخستن، بەو بیانووەی فەزاو و تێڕوانینی شێتەکان بۆ ماتڕیاڵ و دەورو بەر جیاوازە، نەوەکو شتێک بدرێکێنن لە فەزاو کلتوورە گشتیەکە جیاوازبێت، بەدرێژایی چاخەکانی مێژوو، لە هیچ پنتێکی سەر ڕووی زەویدا مامەڵەیەکی شەفاف و ڕوونیان لەبەرانبەردا پیادە نەکراوە.
ئەم دید و تێڕوانینە فۆکۆییەش، لە هەمبەر درووستکردنی نەخۆشخانە بۆ شێتەکان خۆی لە سێ ئاکتدا دەبینێتەوە:
یەکەم: لە ڕوانینی دەسەڵاتەوە ئەو کەسانەی مایەی ترس و دڵەڕاوکێن بۆسەر کۆمەڵگا و خودی دەسەڵاتیش.
دووەم: جیاکردنەوەی ئەوی شێت لە ئەوی عاقڵ، ئەمەش لەپێناو بەسەنترکردنی پێگەی عەقڵ و ڕەواتیدان بەعەقڵ، کەسەرچاوە و داینەمۆی هەموو زانین و مەعریفەیەکە، کە توانای شیتەڵکردن و خوێندنەوەی هەموو زانست و مەعریفەیەکی هەیە.ئەو دەمەی کە ئەم جیاکاریە درووست دەبێت، ئەو کاتەی عەقڵ، شێتی لە خۆی جیادەکاتەوە، سیستەم و چاودێری چڕی مۆنۆپۆڵکراو دادەمزرێنێت، تەنها لە پێناو ئەوەی شەرعیەتی پێبەخشت، کە عەقڵیەتێکی تەواو کۆنتڕوڵکەرە.
سێیەم: هەڵبەت بەهۆی ئەوەی جیهانی سەرمایەداری لەسەر بنەمای سود و قازانج دامەزراوە، ئەم مامەڵەیەش کە لەگەڵ کەسی نەخۆش دەیگرێتەبەر، ڕەهەندیکی ئابورییانە بەخۆوە دەبینێت، بەو بیانووەی ئەم تایپە کۆمەڵایەتیە، خەڵکانێکی بەرخۆرن، هیچ ڕۆڵێکیان لە بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان و کەرتی ئابوریدا نییە، خەڵکانێکن تەمبەڵ و دەستەپاچەن، دەسەڵات دەیەوێت لەڕێگەی پسپۆڕی دەروونیەکانەوە ڕێگایەک بدۆزنەوە، وەک سەرچاوەی سود و قازانج لێیان بڕوانن ببنە هۆی بەرزکردنەوەی کێرڤی ئابووری ووڵات.
دوای ئەو هەموو ڕاستیانەی لە هەمبەر کۆی جومگە و تێکڕای بەشە نادیار و ناڕوونەکەی دەسەڵات خستمانە ڕوو، ئیدی پێویستمان بەوەیە تێبگەین کە داخۆ ڕۆڵی ڕۆشنبیران لەم نێوەندەدا چییە؟ ڕۆشنبیران چۆن هەست بەوەزیفەی سەرەکی خۆیان بکەن؟ واز لە وشە ڕیزکردن و جوینەوە و دەڕبڕینی هەزاربارە بهێنن، فۆکۆیانە دەست بۆ لایەنە شاراوەو پەنهانەکان ببەن و قسەیان لەبارەوە بکەن، بۆیە لەگەڵ ئاوێزانی ئەم بیرکردنەوەیە لەگەڵ زیهنماندا پرسیارێک لە پێشماندا خۆی بەیان دەکات، هەروەک مافی خۆمانە بپرسین و بڵێن: ئایا دەبێت زمانی ڕۆشنبیر چۆن بێت؟
هەمیشە یەکێک لەو پرسە گرنگانەی کە لە هزرو ئەندێشەی بەشێکماندا ئامادەگی هەیه، ئەوەیە کە بۆچی ڕۆشنبیرانی ئێمە هەمیشە خەریکی جوینەوە و دووپاتکردنەوەی ئەو تێکستە لینینیەن؟ کە دەڵێت: ئەرکی ڕۆشنبیر تەنها بریتیە، لە ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا.
هەڵبەت ئەم پرسە تایبەت و پۆڵین ناکرێت بۆ وڵاتێک یان تەنها ناوچەیەک بەڵکو پرسێکی گشتگیرە، ڕەهەندێکی جیهانییانەی هەیە، ئێمەش وەک بەشێک لە گشت دەکرێت ئەم پرسە ڕووبەڕووی ڕۆشنبیرانی خۆمان بکەینەوە، هەربۆیە دەگەینە ئەو بڕوایەیی، کە پرسیارە جەوهەریەکە بکەین و بڵێین: کە بۆچی ڕۆشنبیرانی ئێمە، تا هەنوکە، زۆر ڕوکەشگەرانە و کورتبینانە ڕەخنە و تێبینیەکانیان لە هەمبەر چەمکی دەسەڵات دەخەنە ڕوو، لەکاتێکدا ئەوەی ڕۆشنبیران باسی لێوە دەکەن، بابەتگەلێکی زۆر ساددە و دووبارەن، تێکڕایی ئەو پرسگەلانەی ڕۆشنبیران شرۆڤە و قسەی لەبارەوە دەکەن، قسەگەلێکی زۆر کورتنەفەسانەن، بگرە تێکڕای جڤات و کۆمەڵگا دەزانن، کە سیستەمی سیاسی لە تەواوی ڕۆهەڵاتی ناویندا، سیستەمێکی سواو چەقبەستوو و پۆپۆلیستن، ئەم سیستەمە سیاسیە زۆر سەرکوتکەرانە و داپڵۆسێنەرە، خودانی هیچ جۆرە عەقڵیەتێکی بەڕێوەبردن نین، کۆی سێکتەرەکانی دەوڵەت ڕووبەڕووی تیاچوون داڕووخان بووەتەوە، هیچ تاکیک لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین نابینیتەوە کە ئاشنای ئەم خراپ پیادەکردنەی دەسەڵاتی سیاسی نەبێت، کەوایە مادامەکی خەڵکی خۆیان دەزانن دەسەڵاتی سیاسی دەسەڵاتێکی خرپەکار و چەپێنەر و ستەمکارن، ئیدی بۆ ڕۆشنبیرانی ئێمە، چ سەمەڕ و مفایەکی هەیە، گەر هەمان قەوانی پێشوو لێبدەنەوە و هەمان دەربڕین دووبارە بکەنەوە، لەکاتێکدا دەبێت ڕۆشنبیران فۆکۆ ئاسایانە، بەدوای شتە نەبینراو و ناڕوون و تەڵخاویەکاندا بگەڕێن، ئەو دیاردانە شەن و کەو و شرۆڤە بکەن، کە بزرن و نا ڕوونن لە چاوی گشتیدا، لەبنەچەشدا هەرئەمەش وەزیفەی ئۆرجیناڵی ڕۆشنبیرە، لێرە بەدواوە دەبێت وەزیفە و بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیران گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ڕوونە سێبەر و دەستی دەسەڵات تەنها لە نێو دەمەزراوە ئاشکرا و دیارەکانی ووڵاتدا نیە، لە وێنەی پەرلەمان و حکومەت و دەزگا سەربازی و هەواڵگریەکان، بەڵکو فروانتر سێبەری دەسەڵات نیشتووەتەوە، بەسەر کۆی جومگەکانی دەوڵەتدا، کەوابوو ڕۆشنیبر بۆ ئەوەی دەستەڵات دادگایی بکات یان بیەوێت بیخاته بەر نەشتەری ڕەخنە، دەبێت تەنها چاوی نەخاتە سەر هەڕەم و تۆپەکان؛ بەڵکو سەرنجی بخاتە سەر لایەنە بەشەکیەکان و جومگە تەڵخاویەکانی تر.
ڕۆشنبیران دەبێت ئەوە زۆر بەباشی بزانن، کە دەسەڵات لە ڕێگەی چەند دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە تەواو مۆنۆپۆڵی جڤاتی کردووە "دامەزراوەیی ئاینی و میدیایی و ڕۆشنبیری" لەو سێ دامەزراوانەن کە لە ڕووی تیۆرییەوە خودان ویستی ئازادانە و سەربەخۆیانەن، بەڵام لەناوەخندا جێبەجێکاری کۆی پڕۆژە و بەرنامە و ستراتیژی دەسەڵاتن، تەنانەت لەم ڕێگایانەوە توانیویانه دەست بەسەر ڕوخسار و دونیابینی و بیرکردنەوە و هەست و ئەندێشە و یادگەی تاکیشدا بگرن، گەورەترین کارێک کە دەستەبژێرەکانی بواری مەعریفە بتوانن ئەنجامی بدەن ئیشکردنە لەسەرئەم لایەنە نەبینراوەی دەسەڵات، بۆیە بە هەموو پێوەرێک ڕۆشنبرانی ئێمە خۆیان لەم ڕەهەندە نەدیارەی دەسەڵات دزیوەتەوە، هەربۆیە پێی بزانن یان نەزانن ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە سەرباری ئەوەی هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکاریەکی زەق و ئاشکرایە لە هەمبەر کۆمەڵگادا، هاوکات خۆ فریودان و خۆهەڵخەڵاتاندنی خودی خۆشیانە، ئەمەش لەبری ئەوەی بینکاتە پاڵەوان بە پێچەوانەوە وەک بەشێک لەدەسەڵات وێنا دەکرێن. بۆیه ئیدی لێرەوە دەبێت وەزیفەی ڕۆشنبیر ڕەهەندێکی ڕەسەنانەتر بەخۆیە ببینێت، خەباتی جدی دژ بە دەسەڵات بەرپا بکات، کۆششەکانیش لەو جێگایەنەدا بێت کە دەسەڵات لەتارمایی و لە ژێرەوە خۆی حەشارداوە، ئیدی قۆناغی خەبات لەپێناو زانین هیچ بەهایەکی نەماوە، ئەو خەباتە بەتەواوی لەژێر دەستی کۆمەڵدایە. ئەو تێکستە لینینیە بەسەرچوو گەر ڕۆشنبیر پێی وابێت ئەرکیان هۆشێاری خەڵکە، ئەم جۆرە لەتێگەیشتن تێگەیەکی پووچە، خەڵکی هیچ پێوسیتیان بە جۆره زانینێکی وەسا نییە، ئیتر کاتی ئەوەیە ئەو بەڕەیە لە ژێرپێی ئەو تایپە لەڕۆشنبیران بهێنرێتە دەرەوە، خۆیان ڕۆڵی پێشڕەوی و سەردەستەیی بەخۆیان دەبەخشن، پێویستیان بەو هۆشیاریە سواوەی ڕۆشنبیران نابێت، دەبێت ڕۆشنبران دەلاقە و دەرچەی نەبینراوی دی بدۆزنەوە بۆ خەباتکردن لەدژی دەسەڵات.
ئەو زۆن و ناچانەی کە دەبێت ڕۆشنبیران کاری لەسەربکەن، ئەو جێگە تەریک و نەبینراوانەن، کەدەسەڵات بە پەنهانی خۆی خزاندووەتە ناو سیستەمەکانەوە، زانستەکان و هۆشیاری و دیاریکردن و شێوازی تێگەیشتنمان بۆ ڕاست و هەڵە، دەبێت لەو شوێنە تاریک و نا ڕوونەدا بەدوای خودی دەسەڵات و سێبەری دەسەڵاتدا بگەڕێن.
بەپێی ئەو تێگەیشتن و شیکردنەوانەی کە فۆکۆ بۆ دەسەڵات کردوونی دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی، خەبات لەگەڵ دەسەڵاتدا خەبات و جەنگە لەگەڵ ئەو جێگە و پنتە بچووک وردو تەریکانە، چونکی دەسەڵات وێڕای ئەوەی کار لەسەر زانینمان دەکات، بۆ نموونە وەک چۆن لە ڕێگەی میدیاو ماس میدیاوە بە گوێی ئێمەدا دەیچەپێنێت چۆن باوەڕ بەزانست و زانینێک بکەین یان چۆن بیروباوەڕمان وەها دەستەمۆ دەکات کەزانستێک ڕەت بکەینەوە، ئەوا زەقتر دێتە ناو هەستەکانمان و جەستمانەوە، بە کەیفی خۆی تەراتێن لە نێو هۆش و هزرو جیهانبینیمان دەکات، ئەمەش وادەکات خەباتکردن دژی دەسەڵات پێویستیەکی حەتمی بێت، زۆر قوڵترە لەوەی کورتی بکەینەوە لەوەی کە خەباتمان تەنها دژی بەشە بینراو و دیارەکەی دەسەڵات بێت.
کەوابوو دەسەڵات تەنها بریتیە نیە لەو چەند کەسەی کە کورسی دەسەڵات بەڕێوە دەبەن، بەڵکو دەسەڵات تەواو لێمانەوە نزیکە، تەواو لەناوماندایە، لەناو خەیاڵ و هۆشیاری و بیرکردنەوەماندایە، لەناو گوتارەکانماندایە لەناو تەواوی شتەکاندایە. ئەم جۆرە لەخەبات لەدژی دەسەڵات جۆرێکە لەخەباتی ڕەسەنانە، بەشێکە لەهەڵوێست وەرگرتن، ئەم جۆرەش لەهەڵوێست بەیەکێک لە هەڵوێستە پیرۆزەکانی ڕۆشنبیر دادەنرێت، بەو مەرجەی هەڵوێست لەسەر حسابی دابەزاندنی زمانی فکری و قوڵێتی نەبێت، هەڵوێستی ڕۆشنبیریەکی سیاسی هەرگیر لە سیاسەتەوە هەڵناقوڵێت بەڵکو دەبێت لە دونیابینیەکی فراوانترەوە بێتە دەرەوە، نابێت زمانی ڕۆشنبیر تەنها لە بەیاننامەیەکدا کورتبکرێتەوە، لەهەمبەر تاوانێک، گەر هەڵوێست لە قوڵاییەوە نەیەتە دەرەوە و نەشچێتەوە سەرهەمان قوڵایی، ئەوا نەمانا نە نرخی فکری دەبێت.
ئێمە زۆر جار ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت و دەیبیستین، ڕۆشنبیر بۆ ئەوەی خۆی نمایش بکات و خۆی بخاتە پێش چاوی جەماوەر، هەندێک کردەی لەرزۆکانە ئەنجام دەدات و کۆمەڵێک قسەی بێ ئاست فڕێدەداتە ناو شەقامەوە، تەنها دەیەوێت وا لە ڕای گشتی تێبگەیەنێت کە چەند هەڵوێستی هەیە، گەر والێهات هەڵوێست بووە تاکە بەرهەم چالاکی و کورتکرایەوە لە بەیاننامە و خۆ دەرخستن، تەنها وەک ڕۆژنامەنوسێک یان چالاکوانێک بیناسین و ئیدی وەک ڕۆشنبیرێکی ڕەسەن خۆی دەدۆڕێنێت و لە بەرپرسیارێتی هۆشەکی و ویژدانیەوە دەبێت قسەکەرێک کە ئامانجی تایبەتی هەیە، لە ڕۆشنبیری گەردوونی دادەماڵرێت.
هەڵوێست دەبێت پاڵنەرەکانی کۆمەڵە هێزێکی ناوەکی بن واتا لە ژێر فشاری عەقڵ و ویژدان بەرپرسیارێتی ئەخڵاقی بێتە دەرەوە، واتا ڕەهەندێکی تەواو ئاکاریانە بێت بیرکردنەوەی ڕەسەنانە ئارمانجی گشتی پاڵنەر بێت، نەک پاڵنەرەکانی دەرەکی و لە ئارەزوو و خۆدەرخستن و لەژێر فشاری خەڵک و لایەنگرندا بێت، ئەگەر هەڵوێست بەفلتەری ئاکارگەرایدا گوزەر نەکات، ناتوانین بڵێن ئەو ڕۆشنبیرە زۆر سەخڵەم و ڕەسەنە، واتا نازیزم چەند ترسناک و مەترسیدار، ئەوا پۆپۆلیستی نوسەران و ڕۆشنبیرانیش سەتان هێندە.
(١) میشێل فۆکۆ: دەسەڵات-دیسپلین، جەبار ئەحمد، چاپی یەکەم ٢٠٢٢-سلێمانی
(٢) میشێل فۆکۆ، عارف دانیالی، و: سەروان ئەحمەد، چاپخانەی سلێمانی-٢٠١٨
(٣) مێژووی شێتی لەچەرخەکانی کلاسیکدا، میشێل فۆکۆ، و: ئارام ئەمین شوانی
