سوریا لە گێژاوی ئەجندە جیاوازەکان

7 كاتژمێر لەمەوپێش
دڵزار عارف
لەدوای روخانی بەشار ئەسەدو هاتنی هێزەکانی هەتەشە بەسەرکرادایەتی جۆلانی و بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکی و خەلیجی و تورکی، ئیتر سەردەمێکی تازە دەستیپێکردو کارەکتەرو گروپی نوێ هاتنە سەرەوە. لەبەرامبەر کۆمەڵێک گروپ و وڵات پاشەکشەییان کرد. هەر رۆژێک لەدوای گرتنی شاری حەلەب، ئەبو محمد جۆلانی بە شۆیەکی پلان بۆ داڕێژراو لە قەڵای حەلەب هاتە خوارەوەو دواتر لە دوای هەڵاتنی ئەسەد.
یەکەم نوێژی لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق کرد. ئیتر ئەم جوڵانە پڕ بوون لە کۆدو مەسیج، کە لە سەرەتا ئاسان نەبوو بتوانین وەکو خۆی کۆدەکان بخوێنینەوە. بەڵام دوای دامڕکانەوەی تەپ و تۆز و کەوتنی تەواوی سیستەمی بەعس، دونیا تێگەیشت جۆلانی، ئامادەکراوە و رێکەوتنی چەندین وڵاتە کە بچێتە شوێنەکەی ئەسەد. لەسەرەتای روداوەکان جۆرێک لە درۆدۆنگی و بێ متمانەییەک هەم لە لایەن سوریەکان و هەم لە دەرەوەی وڵات دروستبوو، کە ئایا چۆن سەرکردەیەکی تیرۆریستی داواکراو، دەتوانێ بچێتە سەر کورسی دیکتاتۆرێکی راکردوو. بەڵام هەر زوو و میدیای ئەمریکی و عەرەبی و تورکی کەوتنە پیا هەڵدانی جۆلانی و وەکو سەکردەیەکی کاریزمیی و نوێخواز خستیانە سەر شانۆ.
یەکەم وێستگەی دەوڵەتداری ئەم سەرکردە بەزۆر سەپێنراوە، کۆمەڵکوژکردنی عەلەویەکان بوو و دواتر دروستکردنی فشار لەسەر کوردو کرستیناکان و کەمایەتیەکان دەستی پێکرد. جۆلانی ئێستا کە خۆی کردوە بە ئەحمەد شەرع، دەیەوێ وێنەیەکی جیاوازی سەردەمی قاعیدەو داعشمان نیشان بداو وەکو سەرۆک کۆمارێکی شیاو شەرعی دەربکەوێ و لەبەردەم میدیاکان بە قات و رباتێکی کەشخە قسە دەکات و باس لە ئایندەی سورییەکان و دەوڵەتی تازە دەکات. بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە هەشت مانگ تەمەنی سەرۆکایەتیەکەی دوو جینۆسایدی کردوە بەرامبەر بە دوو کەمایەتی دێرن و سەنگینی نیشتیمانەکەی ئەویش عەلەوییەکان و دروزەکانە، هەوروەها بەردەوام خەریکی تیژکردنەوەی ددانە لە بەرامبەر کورد. بۆیە تێگەیشتن لەم دەوڵەتە تازەییە پێویستی زۆر بە لێکۆڵینەوەو بە دواداچوون نیە، ئەمان دەیانەوێ سوریایەکی ناوەندی، سونی، عەرەبی، ئیسلامی، دروست بکەن و تەواوی گەلانی ئەم وڵاتە بخەنە ژێر دەستی خۆیان، ئیتر چ لە رێگەی هێزەوە بێ یان لە رێگەی دبلۆماسی و سیاسەتەوە بێ.
جۆلانی و برادەرەکانی بنیاتنانەوەی دەوڵەت و ئیدارەدانی، بە کارێکی ئاسان و بێکێشە تێگەیشتوون، بۆیە بەردەوام لێدوانی دڵخۆشکەرو قەبە قەبەیان دەدا بەبێ ئەوەی تێبگەن کە هیچ وڵاتێک بەقەد سوریا ئەجندای جیاواز و پلانی موخابەڕاتی تێدا تەراتێن ناکات! رۆژانە بە ئاشکرا لە رێگەی میدیاو لێدوانی سەرکردەکان و بەرکەوتنە مەیدانیەکانی ئەجندای ئیسرائیلی و تورکی و عەرەبی ئەم جوگرافیایەی شێواندوە، هەر لەلایەو دەیەوێ سوریا بۆ خۆی بکێشێ و بەرژەوەندە ئابوری و جیپۆلۆتیکیەکانی مسۆگەر بکات. بۆیە رۆژانە جۆرێک لە ئالۆزی و پشێوی دروست دەبێ و لەبەرامبەریش حکومەتە دروستکراوەکە بێ ئەرزش و لاواز سەیری تەواوی جوڵەو ئەجنداکان دەکات، بەبێ ئەوەی بتوانی خۆی بەلایەکدا ساغ بکاتەوە.
