ئەگەر توڕەیی خۆمم. كۆنتڕۆڵ نەكردایە!

6 كاتژمێر لەمەوپێش
د. ماکۆک محەممەد
ساڵی ٢٠١٩ لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی دەرەوەی شار ویستم بەنزین بکەمە سەیارەکەم، دابەزیم و دوای سڵاوکردن دەرگای تەنکی بەنزینم کردەوە و وتم فولی بکە.
دوای فولبوونی تەنکیەکە، شاگردە بەبێ ئەوەی دەمانچەی عەدادەکە بتەقێنێت ڕایکێشایە دەرەوە، منیش لە تەنیشتیەوە وەستابووم، جگە لەوەی جلەکانم بوو بە بەنزین، پرژەیەکیش چووە چاوم، لەتاو ئازار و کزانەوەی چاوم، توڕەبووم و وتم کاکە لێی نازانیت قسەت بکردایە خۆم ڕامکێشایە، لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردن بکا، وتی خەتای تۆیە لای عەدادەکە وەستاویت، قسەیەک لە من و قسەیەک لەو، دەنگمان بەسەریەکدا بەرز کردەوە، خێرا چووە ژوورەوە شیشێکی هێنا (وابزانم پێی ئەوترێ تالیبەر).
بە هێمنی پێم وت، گوێ بگرە کاکی برا، ئەگەر بکەوێتە باری لارێتی بەخوای گەورە لەتۆ خراپترم پێ ئەکرێ، بکەوێتە باری ئینکاری و سوکایەتی، سڵ لە مردن ناکەمەوە ئەگەر سەد تفەنگیش بەرامبەرم وەستابێ.
هەموومان بە ئاسانی دەستمان ئەگاتە چەک، بەڵام هەموومان بە ئاسانی دەستمان لە بەڵا و پەشیمانیەکانی دواتری نابێتەوە، گوێبگرە کاکی برا، ئێستا من و تۆ لەسەر شتێکی ئاوا بێبایەخ شەڕبکەین لەوانەیە یەکێکمان بچینە ناو گۆڕ و ئەوی تریشمان بۆناو زیندان، هەردووکیشمان زەرەر ئەکەین و هەردوو دنیاشمان ئەڕوات.
کاکی برا، ئێمە لە کونە دیوارەوە نەهاتووین، ژیانمان تەنیا موڵکی خۆمان نیە، خەڵکی تریش ماف و بەشیان هەیە لە ژیانی ئێمەدا، دایکێک هەیە ئاواتەخوازە پێش ئەوەی بۆ هەمیشە چاوی لێکبنێ مناڵەکانی لەبەرچاوی بن و جەرگ سوتاو نەبێت، ژنێک هەیە ئاواتە خوازە بە پەروەردەی خۆی و پشت و پەنای مێردەکەی مناڵەکانی گەورە بکات، مناڵێک هەیە چاوەڕێیە ئێوارە باوکی بگەڕێتەوە و عەلاگەکەی دەستی لێ وەرگرێ و خنەخن پێشی کەوێت.
من لەم قسانەیا بووم لچێکی هەڵقورتان و دەنگێکیشی لێوەهات وابزانم جنێوی دا، پشتی تێکردم و ڕۆشتەوە بۆلای ژوورە بچوکەکەی خۆی.
منیش سەیری عەدادی بەنزینەکەم کرد بایی ٣٨ هەزار بوو، چل هەزارم دایە دەستی و وتم باقیەکەی هەدێ بێت بۆخۆت، بە تووڕەییەوە دوو هەزارەکەی فرێدایە سەر عەرزەکە و وتی مەمنون نەبووم، بەبێ ئەوەی باقیەکە هەڵگرمەوە سواری سەیارە بووم و ڕۆشتم.
دوای نزیکەی دوو مانگ، ڕۆژێک سکرتێرەکە هاتە ژوورەوە و وتی: کوڕێک هاتووە ئەڵێ نەخۆش نیم، تەنیا ئیشێکی بچوکم بە دکتۆر هەیە.
وتم با بفەرموێت.
دەرگا کرایەوە و کوڕێکی گەنج بە ڕێزەوە سڵاوێکی گەرمی کرد و ڕوخسەتی وەرگرت و دانیشت.
وتی دکتۆر گیان نامەوێ زۆر کاتت بگرم، لەوانەیە نەمناسیتەوە، ڕۆژێک لە بەنزینخانە خەریک بوو شەڕێک بکەین، بەڵام عاقڵی تۆ کە ئەوکاتە من بە ترسنۆکیم ئەزانی هەردووکمانی لە دوژمنایەتی و بەڵای هەردوو دنیا پاراست.
بڕوا بکە ئەو ئێوارەیە کە گەڕامەوە، هەندێک شتم کڕی بوو، مناڵەکە لە دوورەوە ڕایکرد و عەلاگەکەی لێوەرگرتم ڕێک ئەو قسانەی تۆم بیرکەوتەوە کە گاڵتەم پێی ئەهات، زۆر کەم ئەگریم، بەڵام لائیرادی دەستم کرد بە گریان، ژنەکەم وتی هەی ڕۆ پیاوەکە چی قەوماوە، وتم وەڵا ژنەکە بۆ شتێک ئەگریم کە نەقەوماوە، ئنجا ڕووداوەکەم بۆ ژنەکەم گێڕایەوە.
ژنەکەم وتی دوای سوپاسی خوا، ئەبێ لە کامێرای بەنزینخانەوە ئەو کەسە بدۆزیتەوە و بچی بۆلای و هەدیەکیشی بۆ ببەیت. ڕاستییەکەی مەشغەڵەت و ئیشوکار نەیهێشت زوو بێمە خزمەتت.
ئنجا عەلاگەیەکی دایە دەستم وتی: ئەوە زۆر بە تایبەت بۆمان دروست کردوویت.
ئێوارە کە عەلاگەکەم کردەوە، جگە لەوەی دەبەیەک ڕووبە هەناری تیابوو، دوو هەزار دیناریشی تیابوو. ...
یەکێک لەو کەسانەی خوای گەورە خۆشی ئەوێن، ئەو کەسەیە کە هێندە بەهێزە ئەتوانێت تووڕەیی خۆی بگێڕێتەوە (والكاظمين الغيظ)، چونکە جگە لەوەی ئازایەتیەکی زۆری ئەوێت، ئەبێت ئەوەش قبوڵ بکەیت ئەو کاتەی تۆ توڕەییت ئەگێڕیتەوە و تەنازول لە مافی خۆت ئەکەیت هەستی شکست لای تۆ دروست ئەبێ و هەستی سەرکەوتنیش لای بەرامبەر.
بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینە بۆ ئەو کەسەیە لە کۆتاییدا دڵخۆشە و دوو بنەماڵە لە ئۆین و ناخۆشی ئەپارێزێت.
