بەرپرسێکى سۆمۆ: هێشتا کۆمپانیاکان رازی نین نەوت هەناردەبکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکى باڵا لە کۆمپانیاى سۆمۆ ڕاگەیاند، دەستپێکردنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان هێشتا دوو هەنگاوى گرنگى ماوە، یەکەم رازیبوونى کۆمپانیاکانە، دووەمیش ئامادەیی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەى.
دوێنێ، وەزارەتى سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق لەسەر چۆنێتى دەستپێکردنەوەى هاردەى نەوت رێککەوتوین و کۆنووسی رێککەوتنەکە 23 کەس لە هەردوولا واژۆیان کردووە، کە 17 کەسیان لە شاندى وەزارەتى نەوت بوون.
ئەو بەرپرسەى لە کۆمپانیاى سۆمۆ زانیارى خستەروو، دەڵێت، لەو رێککەوتنەدا نوێنەرى کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان ئامادەنەبوون، هێشتا نازانین رازین نەوت بکەنە نێو بۆرییەکەوە یان نا.
دەڵێت، کۆمپانیاکان هێشتا سوورن لەسەر زیادکردنى تێچوونى بەرهەمهێنانى نەوت، ئامادەنین بەو 16 دۆلارەى بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە نەوت هەناردە بکەن.
بەرپرسەکەى کۆمپانیاى سۆمۆ دەڵێت، ئەگەر کۆمپانیاکانیش رازی بن بە هەناردەکردنەوەى نەوت، هەنگاوى دووەم دەمێنێ، ئەویش تورکیایە، پێشتر تورکیا بە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنى نەوتەکە، بەڵام دەبێت بە فەرمى عێراق ئاگاداربکاتەوە و بڵێ، ئامادەین بۆ وەرگرتنى نەوت، ئەوکات نەوت دەکرێتە خەزانەکان لە بەندەرى جەیهان و ئێمەش وەکو کۆمپانیای سۆمۆ وەریدەگرین.
