داهاتی سنووری سلێمانی سێ هەفتەیە بەردەوامە لەدابەزین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



داهاتی نانەوتیی ئەم هەفتەیەى سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 10 ملیار دینارە و بەراورد بە هەفتەى پێشوو زیاتر لە ملیارێک دینار کەمیکردووە، بەوەش ماوەى سێ هەفتەیە لەسەریەک داهات بەرێژەیەکی بەرچاو کەمدەکات.

بەگوێرەى ماڵپەڕی شەفافییەت کە تایبەتە بە خستنەڕووی داهاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، داهاتی نانەوتیی ئەم هەفتەیەی سنوورەکە زیاتر لە 10 ملیار و 878 ملیۆن دینارە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشوو داهاتەکە زیاتر لە 12 ملیار و 13 ملیۆن دینار بووە، بەوەش زیاتر لە ملیارێک و 150 ملیۆن دینار کەمیکردووە.

ماڵپەڕەکە روونیکردووەتەوە، داهاتی ئەم هەفتەیە 80%ـی بەشێوەی نەختینەیە و 20%ـی بەشێوەی چەكە.

ئەوەش لەکاتێکدا کە داهاتى نانەوتیی سێ هەفتە لەمەوپێشی سنووری پارێزگاکانی سلێمانى و هەڵەبجە 87 ملیار دیناربوو کە بەراورد بەم هەفتەیە لە 88% کەمیکردووە.

سایتەكە بڵاویكردووەتەوە لە نێوان ئەو دوو هەفتەیە داهات بەڕێژەی (9%) كەمیكردووەبە زیاتر لە یەك ملیار دینار. 

داهاتی مانگی ئابی سنوری سلێمانی تا ئێستا بریتی بووە له‌ ( 22 ملیار و 892 ملیۆن) دینار ، كه‌ 75%ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بوه‌ و 25%ی به‌شێوه‌ی چه‌ك بوه‌.

داهاتی مانگی تەمووزی سنوری سلێمانی بریت بووە له‌ ( 118 ملیار و 926 ملیۆن) دینار ، كه‌ 28%ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بوه‌ و 67%ی مەقاسە بووەو 5% به‌شێوه‌ی چه‌ك بوه‌.

داهاتی مانگی حوزەیرانی سنوری سلێمانی ( 62 ملیار و 14 ملیۆن دینار) بووە، كه‌ 34%ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بوه‌ و 64% به‌شێوه‌ی مەقاسە بووە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار