بەغدا داوایکردوە تا دووشەممە 120 ملیارەکە بنێرن

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت وەزارەتى دارایی بەغداد داوایکردووە تا دووشەممەى داهاتوو دەبێت 120 ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ بنێرین.
کۆمپانیا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردو وەفدە تەکنیکییەکەی هەرێم وبەغدا دەربارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆدەبنەوە، بەپێی زانیارییەکانیش خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچە خۆران پەیوەستە بە هەناردەی نەوتەوە
سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت: بەغداد دەیەوێت لەگەڵ هەناردەى نەوت رێکارەکانى ناردنى مووچە دەستپێبکات، ئەم هەفتەیەش شاندێکى وەزارەتى دارایی دەچێتەوە بۆ بەغدا.
سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی جەختى لەسەر ئەوەکردەوە بۆ مانگى حەوت تواناى ناردنى 120 ملیار دینارمان نابێت.
بەغدا جگە لە رادەستکردنی نەوت، داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەکات، تاوەکو مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لەلایەکى دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان، وابڕیارە ئەمڕۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردو وەفدە تەکنیکییەکەی هەرێم وبەغدا لەسەر ئاستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەربارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆببنەوە.
بەرەو پێشچونێکی باش لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەناردەی نەوت هەیە، ئەو بڕگە ناکۆکەی کە ماوەتەوە لەبەر ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە دوری بۆری نەوتی هەناردە کردنەوەن بۆیە داوا دەکەن خەرجی گواستنەوەی نەوت بۆ بۆرییەکان سەرف بکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، 120 ملیارەکە ئامادەیە، بەڵام ناینێرن و چاوەڕێ دەکەن نوێنەرانی کورد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسە بکەن و دڵنیایی وەربگرن، کە مووچەی مانگی شەش دەنێرن ئینجا داهاتەکەیان بۆ دەنێرن.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕێی یەکشەممە و دووشەمە دەکەن لە بەغداوە ئاماژەیەکیان پێبدرێت، کە 120 ملیار دینارەکە بنێرین یان نا.
