سودانى پەیامێک بۆ بارزانى دەنێرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، لە یادی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا پەیامێکى پیرۆزبایی ئاڕاستەى مەسعود بارزانى دەکات.
محەمەد شەیاع سودانی لەو پەیامەیدا، کە ئەمڕۆ شەممە ناردویەتى پیرۆزبایی لەپارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەلێت: خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵی سەرەکی لەگەڵ هێز و لایەنە نیشتیمانییەکان لە ڕەوت و لایەنە جیاوازەکان لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت و بەشداریکردن لە بنیاتنانی عێراقێکی نوێی دیموکراسی وەبیرهێنایەوە.
لەبەشیکى دیکەى پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە گرنگی و بەردەوامی بدرێت بە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بۆ هەموو گەلی شەرەفمەندمان بەدەست هاتوون.
ئەمرۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێپەڕدەبێت.
پارتی لە پەیڕەوى ناوخۆیدا وەک پارتێکی دیموکراتی جەماوەری خۆى ناساندووە، کە بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ئازادییەکان و یەکسانی، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان هەیە.
لە دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا پارتی 14 کۆنگرەی ئەنجامداوە، لە نۆیەم کۆنگرەیدا لە ساڵی 1979، مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا، دوایین کۆنگرەش رۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2022 لە دهۆک بەسترا، ئێستاش هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی برازای و مەسرور بارزانی، کوڕە گەورەکەی، جێگری سەرۆکن.
لە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسیی بەدەستهێنا، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیش خاوەنی 31 کورسیی و جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنەکەیە و لە حکومەتەکەى سودانییشدا بە پۆستی وەزارەتەکانی دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشدارە.
