مەحموود مەشهەدانی و عەمار حەکیم پەیامى پیرۆزبایی بۆ پارتى دەنێرن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامی پیرۆزباییان بۆ سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ناردووە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن دامەزراندنی پارتی وێستگەیەکی مێژوویی گرنگە لە کاروانی خەبات و تێکۆشان.
عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەبۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە مەسعود بارزانی دەکات، دەڵێت:هیوای بەردەوام بوون و سەركەوتنیان بۆ دەخوازین لە خزمەتكردنی گەلی كوردستان و عێراق و پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسیەت و بەیەكەوە ژیانی هاوبەش لەنێوان پێكهاتەكانی نیشتمانە ئازیزەكەمان.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە گوتیشی: هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پاڵپشتی كردنی ڕێرەوی دیموكراسییەت بەرز دەنرخێنین و هانی سەرجەم هێزە نیشتمانییە چالاكەكانی گۆڕەپانی عێراقی دەدەین كە زمانی گفتوگۆ و بەرژەوەندی نیشتمانی باڵا ڕەچاو بكەن و بەسەر هەر بەرژەوەندییەكی دیكە
لەلایەکى دیکەوە هەر بەو بۆنیەوە، مەحموود مەشهەدانى سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامەکەیدا، بەو بۆنەوە، پیرۆزبایی لە بارزانی و ئەندامانی سەرکردایەتی و گەلی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی کردووە.
مەحموود مەشهەدانی ئاماژەی بەوە کردووە، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی بارزانی نەمر لە ساڵی 1946، وێستگەیەکی مێژوویی گرنگە لە کاروانی تێکۆشانی نیشتمانیی، دەڵێت: پارتی قوربانیی زۆری داوە لەپێناو ئازادی و دادپەروەری، ڕۆڵی هەبووە لە پاراستن و فەراهەمکردنی بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی سیاسیی لە عێراق.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بەو بۆنەوە، بە گەورەیی و شکۆدارییەوە، قارەمانێتی و ئازایەتی پیاوەکانی ئەو پارتە وەبیردەهێنینەوە، ڕۆڵی پڕ بەرهەمی ئەو پارتە لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی و پەرەپێدانی هاوبەشیی نیشتمانی، بەرزدەنرخێنین کە خزمەتی بە ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق کردووە.
