فوئاد حسێن: كاتی خستنەڕووی یاسای حەشدی دروست نییە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایدەگەیەنێت لەڕووی دەستورییەوە، كاری بەغداد نییە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پشكی هەرێم بنێرێت و ئەوە كارە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێم.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی شمس، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، باس لەچەند پرسێکى جیاوازدەکات لەوانە کێشەکانى هەولێرو بەغداو شەڕە ئیسرائیل و ئێران و پرۆژەیاساى حەشدى شەعبى.
 
لەبەشێکى قسەکانیدا دەڵێت: عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە، سیستمی فیدراڵی مانای دابەشكردنی دەسەڵات و سامان لەنێوان ناوەندو لایەنەكان، دژبەیەكیەكە لێرەدایە، من رۆژانە لە بەغداد بەشێوەیەكی ناوەندی مامەڵەم لەگەڵ دەكرێت.

هاوکات باس لەوەدەکات كورد لەسەر بنەمای دەستور لێكدانەوە بۆ كێشەكان دەكات، دەستور نا ناوەندی و فیدراڵییە، لە بەغدادش پشتیان بە یاساكان بەستووە، زۆرینەی یاساكانیش یاسای كۆنن و ناوەندین.

سەبارەت بەپرسى یاساى حەشدى شەعبى، فواد حسێن، دەڵێت ئەمریكا هەڵوێستی روونە لەبارەی یاسای حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكان، كاتی خستنەڕووی یاسای حەشدی دروست نییە، من تاكە وەزیر بووم ئەمەم راشكاوانە وتووە، لە سۆنگەى بەرژەوەندی عێراقەوە، چونكە كاتەكەی گونجاو نییە.

لەسەر کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لێكگەیشتنێكی روون هەیە لەبارەی رادەستكردنی نەوت بە بەغداد، چارەسەرەكە كاتیە، چارەسەری هەمیشەیی دەبێت لەڕێی یاسای نەوت و غازە بێت، ئەم چارەسەرە تا كۆتایی ئەم ساڵە.

ناوبراو جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، لەڕووی دەستورییەوە، كاری بەغداد نییە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پشكی هەرێم بنێرێت و ئەوە كارە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێم. وتیشى: ئەوەی بەغداد دەیكات دەستدرێژە بۆ سەر دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، دەبێت لە بودجەی ساڵی داهاتوودا رێكبرێتەوە.

وەزیرى دەرەوەى عێراق، ئەوەش باسدەکات ئەگەر هاوپەیمانان نەبوایە، تائێستا داعش كۆنتڕۆڵی بەشێكی زۆری خاكی عێراقی لەژێر دەستدابوو، هەڕەشەی لەسەر بەغدادو هەولێر دروست كردبوو،  دەلێت: ئێمە ئێستا لە گۆڕەپانی جەنگداین، كێ‌ بەرگری لە عێراق دەكات.

فواد حسێن پێشى وایە، تائێستا لۆژیكی جەنگ زاڵە بەسەر ناوچەكەدا، دوای جەنگی دوانزە رۆژە بۆ سەر ئێران، هەموان باس لە ئاگربەست دەكەن باس لە ئاشتی نەكراوە.

ناوبراو ئەوەشى زیادکرد: راگرتنی ئاگربەست و ئاشتی دوو چەمكی جیاوازن، ئاگربەست مانای دۆخێكی كاتی و رەنگە سەرهەڵبداتەوە، هەڕەشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و بەرەوپێشنەچوونی دانوستانەكان، هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر ئێران زیادبونی فشارەكان، هەموو ئەمانە چاوەڕوانی خولێكی تری جەنگیان لێدەكرێت و ئێرانیش خۆی بۆ ئەمە ئامادەكردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار