ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری عێراق دەڵێت: کۆمپانیا بیانییەکان بە (16) دۆلارەكە رازی نین و تێچوی گواستنەوەی نەوتیان زیاد كردووە، توركیاش هیچ ئاگادارییەکی فەرمی بۆ عێراق نەناردووە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەكردن.
مەرسومی، لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی وەڵامی پرساری ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی داوەتەوەو تیایدا دەڵێت:
بەربەستی یەکەم: رەزامەندی کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکانە، ئەم کۆمپانیایانە هێشتا پێداگری لەسەر بەرزکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن و ئامادە نین بە تێچوی (16)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت هەناردە بکەن، تێچوی دیکەشیان زیاد کردووە، لەوانە تێچوی گواستنەوەی نەوت بە تانکەر لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بە مەودای 200 بۆ 300 کم بۆ بۆرییەکە.
هەروەها کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن بەغداد دان بە گرێبەستە بازرگانییەکانیاندا بنێت و گەرەنتی پارەدانیان بۆ دابین بکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی رابردوو و داهاتوو، لەگەڵ رەوانەكردنی پارەی چاوەڕوانکراوی فرۆشتنی نەوت بۆ کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەکە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆ ئەو کۆمپانیایانە و رێککەوتنێکی نوسراویش لەگەڵ بەغداد بکات.
بەربەستی دووەم: رەزامەندی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی پەمپکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری جەیهانەوە، هەرچەندە تورکیا پێشتر رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر وەرگرتنی ئەو نەوتە، بەڵام پێویستە ئاگادارییەکی فەرمی بۆ عێراق دەربکات و ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە رابگەیەنێت، لەو کاتەدا نەوتەکە دەخرێتە ناو تانکیەکانی بەندەری جەیهان و کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە فرۆشتنی نەوتەکە دەکات.

