هادی عامری هەڕەشە لەپەرلەمانى عێراق دەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کاتێکدا چەند جارێک پەرلەمانی عێراق هەوڵیداوە بۆ ئەنجامدانى دانیشتنێکی تەواو یاسایی بۆ دەرکردنی یاسای هێزەکانی حەشدى شەعبى، هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و ئەندامی پێشەنگی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، نیازی خۆی بۆ چوونە ناو پەرلەمان بە جلوبەرگی حەشدەوە بۆ دەرکردنی یاساکە ڕاگەیاند، بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن گەڕاوەتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدرو سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، هەڕەشەی ئەوە دەكات بە جلوبەرگی حەشدی شەعبیەوە بچێتە ناو پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکەيان.
عامری، لە نوسینێكدا لەسەكۆی "ئێکس"، رایگەیاندووە: پەرلەمان لەبەردەم تاقیکردنەوەو ئاڵنگارییەكی مێژوویی گەورەدایە بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، دوور لە هەر کاریگەرییەکی ناوخۆیی یان دەرەکی، جەختیشی کرد لەوەی، بە جل و بەرگی حەشدەوە دەچینە ناو پەرلەمان.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆژی دووشەممە بڕیاریاندا دانیشتنێک ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کە چەند ڕۆژێک بوو لە بەرنامەی کاردا بوون. ئەم دانیشتنە تەواوکەری بانگەوازەکەی عامری بوو بۆ دەرکردنی یاسای حەشدى شەعبى، کە جۆرێکی نوێی کۆکردنەوە لەخۆدەگرێت: ئەندامانی پەرلەمانی شیعە کە جلوبەرگی فەرمی چەکدارانی هێزەکانی حەشدى شەعبیان لەبەردایە.
هەڕەشەكانی عامری بە تێپەڕاندنی یاساكە کە خواستی بەشێک لە هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیەو، پاڵپشتی هەڵوێستی گروپە چەکدارەکان دەکەن، کە دەستیان کردووەتەوە بە هەڕەشەکردن بۆ گەڕانەوە بۆ یەکێتی گۆڕەپانەكان (ئاماژیە بۆ هاوهەڵوێستیان لەگەڵ تاران و گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران لە ناوچەكە)، بەتایبەتی دواى سەردانەكەی عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، پێدەچێت جگە لە قوڵکردنەوەی ناكۆكی نێوان هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسیەكانی عێراق بە گشتی، ناكۆكییەكانی واشنتۆن بەغدادیش قوڵتر بكاتەوە.
پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی شیعە (180 پەرلەمانتاری شیعە لە کۆی 325 پەرلەمانتاری پێکهاتەکانی دیکە)، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نەیتوانیوە دانیشتنێکی نیسابی تەواو ئەنجام بدات بۆ پەسەندکردنی یاساکە.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەشبوونی شیعە لە نێوان ئەوانەی پشتگیری یاساکە دەکەن، کەمینەیەک و ئەوانەی کە پێیان باشە پەسەندکردنی دوابخەن لە ترسی بەریەککەوتن لەگەڵ ناپاکی ئەمریکا
