ناتانیاهۆ: ڕاپۆرتی برسێتی غەززە درۆو بوختانە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی ڕاپۆرتی برسێتی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە کەرتی غەززەی دایەوەو بە "بوختان و درۆیەکى شاخدار" ناوی برد، مێژوو حوکم دەدات هەرکەسێک بڵاوی بکاتەوە.

ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپۆشی لەو هەنگاوە مرۆییانەی کردووە کە ئیسرائیل لەم دواییانەدا لە غەززە گرتوویانە بەر.

نەتەوە یەکگرتووەکان برسیکردنی خەڵکی غەززەی بە "تاوانی جەنگ" ناوبردووە و رایگەیاندووە: "دەبێت هەمووان بخاتە ژێر باری بەرپرسیارێتیی ویژدانییەوە،" هاوکات جەختی لە ئەرکەکانی ئیسرائیل کردووەتەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان.

راگەیاندنی قاتوقڕی لە شاری غەززە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تەنیا ناونانی دۆخەکە نییە، بەڵکو لێکەوتەی یاسایی، سیاسی و مرۆیی گەورەی هەیە. 

دوای ئەوەی رۆژی هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی قاتوقڕی لە کەرتی غەززە راگەیاند، بزووتنەوەی حەماس داوای کردنەوەی دەروازەکان، هەنگاوی خێرا بۆ راگرتنی جەنگەکە و مسۆگەرکردنی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییە بەپەلەکان بۆ ناوچە فەلەستینییەکە دەکات.
 
لە راگەیێندراوێکی بزووتنەوەکەدا هاتووە، ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی برسێتی لە غەززە رایگەیاندووە، "پەڵەیەکی شەرمەزارییە" بە نێوچەوانی ئیسرائیل و پشتیوانەکانیەوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری نێودەوڵەتییە لەسەر ئەو تاوانەی ئیسرائیل بەرامبەر زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤی گەمارۆدراو دەیکات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەمە دووپاتکردنەوەی قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییەیە کە خەڵکی غەززە بەهۆی دەستدرێژیی بەردەوامی ئیسرائیلەوە تووشی بوون؛ باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل سیاسەتی برسیکردن وەکو یەکێک لە ئامرازەکانی جەنگ و جینۆساید دژی خەڵکی سڤیل بەکاردەهێنێت.

راگەیاندنی قاتوقڕی بە فەرمی، زیاترە لەوەی تەنیا گۆڕینی وشە و ناوەکان بێت. راگەیاندنەکە دەبێتە هاندەر بۆ دەستپێکردنی کاری مرۆیی لەسەر ئاستی جیهان، دەرگای پاڵپشتیی دارایی دەکاتەوە، هەروەها گوشاری یاسایی و سیاسیی نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل زیاد دەکات.
 
پێشتر راگەیاندنی هاوشێوە لە قەیرانەکانی وەک سۆماڵ و باشووری سوودان بووە هۆی وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتیی رێکخراو و هاوئاهەنگ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار