بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران چاڤی لاند دادەخرێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باجەکان و خانووبەرەى میرى داوا لە قائیمقامیەتی سلێمانی دەکات، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەڵسن بە داخستنی چاڤی لاند.
کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وتى، "هەر شوێنێک باج قەرزاری حکومەت بێت و باج نەدات، یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێداوە کە گرێبەستی هەڵبوەشێنێتەوە."
پڕۆژەی چاڤیلاند یەکێکە لە پڕۆژە گەشتیارییە دیارەکانی سلێمانی و لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین کێشەی یاسایی و دارایی بووەتەوە، لەوانە قەرز و سکاڵای خاوەن پشکەکان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری سکاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری، تۆمارکردووە بە تۆمەتی "نەدانی باج" و داوای داخستنی کۆمەڵگەی چاڤی لاندی کردووە.
بەپێی نووسراوێک کە بە واژووی کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان، ئاراستەی قایمقامییەتی سلێمانی کراوە، هاتووە کە "پاش چەندین جار ئاگادارکردنەوەی ئەم خاوەن کۆمپانیایە، کە ناو و ناونیشانی لە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گەورە باجدەران ژمارە ١٣٩٤ لە ١٥ـی تەممووزی ٢٠٢٥ دا هاتووە و بەناوی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری، بەمەبەستی دانی باجەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو باجەی کە بە یاسا لەسەری چەسپاوە پاکتاو نەکردووە".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، لە ڕێگەی پارێزەرەکەیانەوە، هەفتەی ڕابردوو لە سلێمانی سکاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکردووە.
لە نووسراوەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان، داوای لە قایمقامییەتی سلێمانی کردووە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە ١٣ لە ٧ـی ئابی ٢٠١٩، شوێنەکە، واتە چاڤی لاند، دابخات.

