بارزانى: باشترین وەفا بۆ قوربانییانی ئەنفال یەکڕیزی و یەکگرتنە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ 37ساڵ بەسەر ئەنفالی بادینان تێپەڕ دەبێت و لە سەرسەنگ ڕێوڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیە بەرێوەچوو؛ هاوكات مەسعود بارزانی ده‌ڵێت، هیچ ڕووداوێک بە ئەندازەی ئەم تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ نەیگریاندووه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئەنفالی بادینان، سیداد بارزانی، نوێنەری مەسعود بارزانی، وتارەکەى خوێندەوە.

بارزانی له‌ گوتاره‌كه‌یدا ڕایگەیاندووه‌: 25ـی ئاب ڕۆژێکی تاڵە لە مێژوویی گەلی کوردستاندا، 37ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە بەردەوامی زنجیرە تاوانەکانی بەرانبەر خەڵکی کوردستان و لە قۆناغی هەشتەم و ناسراو بە ئەنفالی بادینان ئەنجام دا، ئەم قۆناغە جیاواز بوو لە هەموو قۆناغەکانی دیکەی ئەنفال، هێزەکانی ڕژێمی بەعس دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگیی نێوان عێراق و ئێران دەستیکرد بە ئەنفالی بادینان.

مەسعود بارزانی له‌ گوتاره‌كه‌یدا گوتوویه‌تی: ڕژێمی به‌عس هەموو هێزی سەربازی و توانا هەواڵگرییەکانی و هێزە ئاسمانییەکانی بەکارهێنا بۆ ئەم تاوانە دڕندانه‌یه‌، هەروەها ڕۆژێک پێش ئەنفالی بادینان ڕژێمی بەعس دەڤەری بادینانی کیمیاباران کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئەنفال و خاپوورکردنی سەدان گوند و مینڕێژکردنی گوند و زۆربەی دەڤەرەکە، ئامانجی ڕژێم لەناوبردنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی قارەمان و شۆڕشگێڕانی بادینان بوو.

ئاماژەی بەوەش کردووه‌،  یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ڕژێم نەهێشتنی ئاسەواری ژیان بوو لەو دەڤەرە، لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتیی بێسەروشوێن و ئەنفال و کیمیاباران کران، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و شوێنیان بەجێهێشت.

بارزانی باسی لەوەش کرد، لەو کاتەی کیمیاباران و لەناوبردن و ئەنفالی گەلی کورد دەکرا، ناخۆشترین و تاڵترین ڕۆژی ژیانم بوو، وەبیرمە برووسکەیەکم بۆ لقی یەکی پارتیمان نارد و لە وەڵامدا ڕایانگەیاند: جەماوەری گەمارۆدراو ئاماژە بەوە دەکەن ئامادەین لێرە بمرین، بەڵام خۆمان ڕادەست ناکەین، ئەم هەڵوێستە بۆ هەموو کوردێک و ئازادیخوازێک جێگای شانازی بوو، هیچ ڕووداوێک بە ئەندازەی ئەم تاوانکارییە نەیگریاندم.

لە کۆتاییدا گوتی: دوای 37ساڵ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دەبینین چیان بەسەر هاتووە و گەیشتن بە سزای خۆیان، پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینان و تەواوی ناوچەکانی دیکە بکاتەوە، باشترین وەفا و ڕێز بۆ قوربانییانی ئەنفال یەکڕیزی و یەکگرتنە. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان بۆ زێدی خۆیان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار