ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى مەزڵوم عەبدی و جین شاهین

8 كاتژمێر لەمەوپێش
یەكێك لە تەوەرە گرنگەكانی دیداری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ جین شاهین، سیناتۆری دیاری ئەمریكا كە لە عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەچوو،باسكردن بووە لە پێویستی بەردەوامی دانوستانەكان لەبارەی گەیشتن بە چارەسەری نا ناوەندی لە سوریا، بە نێوەگیری نێودەوڵەتی.
كەناڵی "روناهی" لەزاری سەرچاوە تایبەتەكانییەوە ئاشكرایكردووە: كۆبونەوەی چەند رۆژی رابردووی مەزڵوم عەبدی و جین شاهین، هاوڕێ لەگەڵ پەرلەمانتاری ئەمریكی جۆ ویڵسۆن، سێ تەوەری سەرەكی باسكراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان كردووەتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش و، پێویستی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی (10)ی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریاو مەزڵوم عەبدی، لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، لەگەڵ پێویستی درێژەدان بە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی نا ناوەندی لە سوریا لە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتییەوە.
ئەو پێشهاتانە لەكاتێكدا، ئەحمەد شەرع لەمیانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك كەسایەتی و بەرپرسی میدیا عەرەبی و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە دیمەشقی پایتەخت رایگەیاند: ئەگەر فیدراڵیزم یان نا ناوەندی بە واتای دابەشبون بێت، ئەوە رەتیدەكەینەوە، لەبارەی هەنگاوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش وتی:ئەگەر ئامانج مافەکانی کورد بێت، پێویست بە دڵۆپێک خوێن ناکات، چونکە ئەو مافانە لە دەستووردا دەبن، بەڵام پشکپشکێنە هاوشێوەی عێراق و لوبنان قبووڵکراو نییە.
شەرع ئاماژەی بە رێککەوتنی 10ی ئازار کردو وتی: ئەو رێککەوتنە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە قبوڵكراوە و وەک بنەمایەك بۆ گفتوگۆ تەماشا دەكرێت.
