قاسم ئەعرەجی: هۆکاری کشانەوەى پرۆژە یاسای حەشدم لێ مەپرسن

21 كاتژمێر لەمەوپێش
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرایدەكات: راوێژکارێتیيەكەیان پێشنیازی دواخستنی دەنگدانی یاسای هێزەكانی حەشدی شەعبی کرد بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
ئەعرەجی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: داوامان کرد یاساکە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردن و هۆكارەكەیم لێ مەپرسن.
ئاماژەی بەوەشکرد: رەنگە یاساکە پێش ئەوەی بچێتە دەنگدان، پێویستی بە خستنەڕووی بێت لە ناوخۆ و دەرەوە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە جەختی لەوە شکردەوە: حکومەت رێگە بە هیچ لایەنێک نادات، دۆست بێت یان نا، بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی پێشنیاز بکات، راشیگەیاند: حەشد نوێنەرایەتی بەشێکی بنەڕەتی دەزگای ئاسایشی عێراق دەکات.
دوای چڕبوونەوەی هەڕەشە و هۆشدارییەکانی ئەمەریکا، سەرەڕای دابەشبوونیان بەسەر دوو ئاراستە، دواجار لایەن شیعەکانی عێراق، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، بڕیاریاندا پرۆژە یاسای پەیکەربەندی حەشدی شەعبی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق وەربگرنەوە و دەنگدان و تێپەڕاندنی پرۆژە بخەنە خولی داهاتووی پەرلەمان.
لەمبارەوە عارف حەمامی، پەرلەمانتاری حزبی دەعوەی ئیسلامی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکاری کشاندنەوەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی تەنیا بەهۆی نەگونجانی کاتە و پەیوەندیی بە هیچ هەڵوێست و گوشارێکەوە نییە.
حەمامی گوتیشی: کاتی پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمان بوو، بۆیە پرۆژەکە بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان کشاندراوەتەوە و تاوەکوو دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ناخرێتەوە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان.
پێشتر لە 23ـی تەممووزی ئەمساڵدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.
ڕوبیۆ نیگەرانی وڵاتەکەی لە بارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بە سوودانی ڕاگەیاندووە و هۆشداری پێداوە، تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، دەبێتە مایەی زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق، هەربۆیە ئەمەریکا قبووڵی ناکات
