سودانی وەزارەتی دارایی ڕاسپارد دەستبەکەن بە دابەشكردنی موچە

13 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی راسپارد، رۆژی سبەی هەینی و دووسبەی شەممە، فەرمانبەرەكانیان دەوام بكەن بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق، لە زاری سەرچاوەكی حكومەتەوە بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و بانكە حكومییە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە كە سبەی هەینی و دووسبەی شەممە، دەوام بكەن بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان.
دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان لە عێراق چەند رۆژێكە دواكەوتووە و ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی لە روونكردنەوەیەكدا رەتیكردەوە دواكەوتنی بەهۆی نەبوونی سیولەوە بێت و وتی، دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان، پەیوەندی بە هۆكاری تەكنیكی و سیستمی خەرجكردن و حەواڵە بانكییەكانەوە هەیەو هیچ پەیوەندییەكی بە سیولەوە نییە.
وەزارەتی دارایی دڵنیایی داوە، پارەی پێویست بۆ مووچە دەستەبەر کراوە و لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیدا، تیمە هونەرییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە درێژایی کات لەکاردان بۆ دەستپێکردنی خەرجکردنی مووچە لەماوەی نزیکی داهاتوودا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ پارەی پێویست لە خەزێنەی گشتی حکومەت دەستبەرکراوە، ئەوەش کە رویداوە دواکەوتنێکە پەیوەندی بە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی نێوان بانکەکان و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە هەیە و بووەتە هۆی دواکەوتنی خەرجکردنەکە.
وەزارەتی دارایی پابەندیی تەواوەتی بە خەرجکردنی مووچە بەشێوەیەکی رێکوپێک لە مانگەکانی داهاتوو دووپات دەکاتەوە لە رێگەی سیستمی پارەدان و هەمانگی لەگەڵ دامەزراوە داراییە پەوەندیدارەکان.
هەموو هەوڵەکانیش رەتدەکاتەوە، کە بابەتی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە بۆ بانگەشەی سیاسی و وەک بەشێک لە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت و رایدەگەیەنێت: کاری وەزارەتی دارایی، کارگێڕیی و پیشەییە بەپێی بودجە و یاسا بەرکارەکان، بەبێ رەچاوکردنی لایەنی سیاسی.
ئەو راگەیەندراوە لە کاتێکدایە، مووچەی خانەنشینانی عێراق بۆ مانگی ئەیلول تەنها چوار رۆژ دواکەوتووە، بەپێی رێکارەکانی حکومەتی فیدراڵی سەرجەم خانەنیشنانی سەربازی و شارستانی سەرەتای هەموو مانگێک مووچەکانیان لە رێگەی سیستمی بانکییەوە وەردەگرن و پێشوەختە دەچێتە سەر ئەژمارەکانیان.

