بەغدا دوو ئەفسەر كوژران و پێنج كارمەندی تر برینداربوون

9 كاتژمێر لەمەوپێش
شەوی ڕابردوو لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت، شەڕی عەشایەریی ڕوویدا و کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و چەکداری هۆزەکاندا دروستبوو، لە ئەنجامیشدا دوو چەکدار و دوو ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 10 کەسیش لە هەردوولا برینداربوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی کوژراون و پێنج کارمەندی دیکەش برینداربوون، لەمیانی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ رێگەگرتن لە پێكدادانێكی چەکداری هۆزەكان لە بەغدای پایتەخت.
وەزارەتی ناوخۆی، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەكردووە: هێزێکی ئەمنی روبەڕوی هێرشی چەکداری راستەوخۆ بووەتەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکی هۆزەكان کە لە ناوچەی "ئەلسەعادە" لە نزیک كارگەی غاز لە بەرەی رەسافە سەریهەڵداوە.
راشیگەیاندووە: هێزەکە وەڵامی سەرچاوەکانی هێرشەكەی داوەتەوەو لە ئەنجامدا، دووان هێرشبەرەكانيش كوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، جگە لە دەستگیرکردنی شەش کەسی بەشداربوو لە شەڕەكە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغداش ڕایگەیاند، هەر لایەنێک بیەوێت ئاشتی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە و ئاژاوەی عەشایەریی و شەڕی چەکداریی ساز بکات، بە توندی وەڵام دەدرێتەوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەیان درێغی ناکەن، ئاشکراشی کرد کە شەوی ڕابردوو ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەکاتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە عەشایەرییەکە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و ئەوان بەشێک نەبوون لە شەڕەکە.

