ماڵپەرێکى عێراقى: دوای قەتەر، عێراق لە ژێر هەڕەشەدایە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



پێگەی عالەم جەدید-ی عێراقی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، دوای بۆردومانکردنی دەوحەی پایتەختی قەتەر، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل دەگەنە عێراق.

ماڵپەرەکە دەلێت بە ئامانجگرتنی دۆحە لەئێوارەی سێشەممە، ئیسرائیل لاپەڕەیەکی نوێی لە پەرەسەندنی ناوچەیی کردەوە و پەیامێکی نارد کە لە سنوورەکانی فەلەستینەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکە بگرێتەوە. 

چاودێران پێیان وایە ئەو هێرشەی قەتەر هۆشدارییەکی ڕوونە کە تەلئەبیب چیتر دان بە هیچ هێڵێکی سووردا نانێت، تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی واشنتۆنیش. ئەم پێشهاتە تەحەدای ئاڵۆزتر دەخاتە بەردەم عێراق، لە کاتێکدا بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ یان گۆڕینی خاکەکەی بۆ گۆڕەپانێک بۆ ململانێی بە وەکالەت لە ئارادایە. 

ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێستا بەغدا پێویستە خۆی لە شوێنی خۆیدا بگۆڕێت بۆ پاراستنی سەروەری خۆی لە هەر دەستدرێژییەکی ئەگەری.

حازم ئەیاد شرۆڤەکاری سیاسی ئوردنی بە ئەلعالەم ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، “دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر و هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس ڕەنگە سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ ئەم ڕێبازە پەرەسەندووە نەیاران و دۆستان و تەنانەت ناوبژیوانان و وڵاتانێک کە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن”.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئوردنییە پێیوایە "ئەم دەستدرێژییە پرسیار لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەش دەوروژێنێت، بەو پێیەی واشنتۆن هەوڵدەدات بە زۆر ئیرادەی خۆی بسەپێنێت. ئەگەر نەتانیاهۆ سەرکەوتوو بێت لە ڕێگەدان بە تێپەڕاندنی ئەم دەستدرێژییە بەبێ کاردانەوەی نێودەوڵەتی، ئەوە ڕەنگە ببێتە هۆی فراوانبوونی زیاتری سەربازی ئیسرائیل".

پێگە عێراقییەکە باسی لەوەشکردووە، دوای بۆردومانکردنی قەتەر دەرکەوت ئیسرائیل حساب بۆ هیچ هێڵێکی سور ناکات تەنانەت ئەگەر لەگەڵ وڵاتێکی هاوپەیمانی ئەمریکاشدا بێت، هاوکات باس لەوەشدەکات، عێراق ئێستا لەبازنەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیلدایە.

پێگە عێراقیەکە داوا لە بەرپرسانی باڵا دەکات لە هەنگاوی یەکەمدا بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بچنەوە و داوا بکەن، واشنتۆن عێراق لەو زریانەی بەڕێوەیە بپارێزێت.

ئیسرائیل بڕیاریداوە هێرشبکاتە سەر هەر وڵاتێک تەنانەت ئەگەر بە لێدوانێکی توندیش دژی تەلئەبیب بوەستێتەوە، عێراقیش کە لەلایەن گروپە شیعەکانەوە پاڵپشتی حەماس دەکەن و زۆر جار لە عێراقەوە درۆن ئاڕاستەی شاری ئایلات کراوە، لە چاوەڕوانیی تۆڵەی ئیسرائیلدان.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، هەر بە تەنها حەماس نا، بەڵکو حوسیەکانیش لە بازنەی بە ئامانجگرتندان، چونکە ئەوانیش لە عێراق بنکە و بارەگایان هەیە، هاوکات پێگەکە داوا دەکات، لەم قۆناغەدا گروپە چەکدارەکان کۆنترۆڵی خۆیان بکەن و پاساوی لێدانی عێراق نەدەنە ئیسرائیل.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار